گوتەبێژی فەرمانگەی ئاوی ئیران ڕایگەیاند "50 شار لە 24 پارێزگای ئێران کێشەی کەمئاوییان هەیە و ناتوانین بە ئاسانی ئەم بارودۆخە تێپەڕێنین".
ڕۆژی پێنجشەممە 24ی تەمووزی 2025، عیسا بزورگزادە، گوتەبێژی فەرمانگەی ئاوی ئیران ڕایگەیاند: لە پاییز و زستانی ڕابردوودا ئەو بارانەی چاوەڕێمان دەکرد نەباری و 29 پارێزگا لە 31 پارێزگاکەی ئێران، ڕێژەی بارانبارینیان کەمتر لە ئاستی نۆرماڵ بووە و بە گشتی ڕێژەی بارانبارین 40٪ کەم بووەتەوە.
گوتەبێژی فەرمانگەی ئاوی ئێران بە ئاماژەکردن بەوەی ئەو ئاوەی ئەمساڵ ڕژاوەتە ناو بەنداوەکان 40٪ کەمتر لە ساڵی پێشوو بووە، ئاشکراشی کرد کۆگاکانی ئاویش پاشکەوتیان 20٪ کەمی کردووە.
گوتیشی ئێستا 50 شار لە 24 شاری ئێران کێشەی زۆر قووڵی کەمئاوییان هەیە و ناتوانین بە ئاسانی ئەم بارودۆخە تێپەڕێنین.
حکوومەتی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 23ی تەمووزی 2025 بە هۆی شەپۆلی گەرما و کورتهێنانی ئاو و کارەباوە، لە پارێزگای تاران و 10 پارێزگای دیکەی ئەم وڵاتە پشووی ڕاگەیاند. بەنداوەکانی تاران کە ئاوی خواردنەوەی پایتەختی ئێران دابین دەکەن، یا وشک بوون یا کەمتر لە 10٪ ئاویان تێدا ماوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.