لە چوارچێوەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی ڕێگاوبان، کارکردن لە پڕۆژەی بەیەکەوەبەستنی هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری لە شاری هەولێر بەردەوامیی هەیە و ڕێژەی تەواوبوونی پڕۆژەکە 50%ـی تێپەڕاندووە.
ئەم پڕۆژەیە کە شەقامێکی 60 مەترییە و بە گوژمەی 36 ملیار و 300 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، درێژییەکەی 5 کیلۆمەترە. شەقامەکە لە گوندی "ئارام" و شاری "ئاتکۆنس"ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو شەقامی 150 مەتری. بەپێی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان، شەقامەکە لە دوو ساید پێکدێت کە پانی هەر سایدێکیان 19 مەترە، لەگەڵ بوونی 6 مەتر دوورگەی ناوەندی و 16 مەتر شان خستن (شۆڵدەر) لە هەردوو لای شەقامەکە.
ئەندازیار ئەیوب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 2300 مەتر لە شەقامەکە قیرکراوە و ئامادەیە بۆ هاتووچۆ. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان جێبەجێ دەکرێت و هەموو خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاوەڕۆی سندوقی و لوولەیی، تۆڕی ئاو، ڕووناککەرەوە و نیشانەکانی هاتووچۆ لەخۆدەگرێت.
هاوکات، کارکردن لە دوو شەقامی دیکەی 60 مەتری لە ناوچەکەدا بەردەوامە کە یەکێکیان بەرەو شاری "ماس هیڵز" و ئەوی دیکەیان بەرەو شاری "زین" دەچێت، ئەمەش کارئاسانییەکی زۆر بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دروست دەکات.
پێشبینی دەکرێت پڕۆژەکە لە مانگی 11ـی ساڵی 2026 بە تەواوەتی کۆتایی بێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی جەنجاڵی و گەشەکردنی زیاتری ئاوەدانی لەو ناوچانەدا دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.