بڕیارە بەمزووانە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ئەمریکا، سووریا و ئیسرائیل بەڕێوەبچێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و پێشهاتەکانی ناوچەکە، ئەمە لە کاتێکدایە کە توندوتیژییەکان لە پارێزگەی سوەیدا لە باشووری سووریا هێشتا جێگەی مەترسین.
ئەمڕۆ سێشەممە پێگەی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێكی وڵاتەکەی بڵاوی کردەوە: تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئیسرائیل و سووریا دەکات، ئامانج لە کۆبوونەوەكە گفتوگۆکردنە لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەمنی بۆ هەماهەنگی نێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤ لە سووریا.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسیانە، پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا کە گەورەترین ناوەندی پێکهاتەی ئایینی درووزەکانە و ژمارەیان بە نزیکەی 700 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت، بووەتە گۆڕەپانی توندوتیژی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژمارەی کوژراوانی ئەم توندوتیژیانە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ڕامی عەبدوڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی دوایین ئاماری قوربانییەكان دەڵێت "ژمارەی کوژراوان زیاترن لە 1265 كەسە".
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هێرشێکی چڕی کردە سەر هێزە ئەمنییەکانی سووریای لە باشووری ئەو وڵاتە و داوای لە هێزە ئەمنییەكان کرد دەستبەجێ ناوچەکە جێبهێڵن. جەختیشی کردەوە کە ئەم هەڵوێستەیان بۆ پاراستنی درووزەکانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.