وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، بە پێی بڕیاری ژمارە 550ی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی نائاسایی ڕۆژی 17ی تەمووزی 2025 و دوای پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیارە ئاماژەپێکراوەکە، دەستی کردووە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە 22ی تەمووزی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند: لە دوای پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 550ی ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و وەرگرتنی بەشی یەکەمی داهاتە نانەوتییەکان کە بڕەکەی 120 ملیارد دینارە، دەست دەکات بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری 2025.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی داراییدا جەخت کراوەتەوە: تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان لە پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام بێت، وەزارەتی داراییش لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.