بەیانیی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کانییەکدا خنکا. پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، گەنجەکە بەمەبەستی مەلەکردن چووەتە نێو ئاوەکە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی تەمووز، لە راگەیێندراوێکدا پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند کاتژمێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، لە رووداوێکی خنکان لە کانیی دێرەبین لە سنووری ناحیەی رزگاری ئاگادارکراونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی زاخۆدا هاتووە "هاووڵاتییەک بە ناوی (ل.م.ن) تەمەن 27 ساڵ، کە دانیشتووی زاخۆیە، لە کانییەکەدا خنکاوە. ئەو گەنجە لە یەکێک لە کارگەکانی ناوچەکەکرێکار بووە، بەمەبەستی مەلەکردن سەردانی کانییەکەی کردووە، بەڵام بەداخەوە خنکاوە".
پۆلیسی زاخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانیان تەرمەکەیان دەرهێناوەتەوە و بۆ پزیشکی دادی زاخۆ گوازراوەتەوە.
سەبارەت بە رێکارەکان، پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 411 لە یاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.