ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لە شاری کوتی پارێزگای واست کە تەنیا 7 ڕۆژە کراوەتەوە، بووەتە هۆی مردنی 61 هاووڵاتی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەمووز 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: "ئاگرکەوتنەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 61 هاووڵاتیی بێتاوان، کە زۆربەیان لەناو گەرماوەکاندا بەهۆی بەرزبوونەوەی دووکەڵێکی چڕەوە بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەست دا. لە نێویاندا (14) تەرمی سووتاو هەن کە ناسنامەیان دیار نییە".
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە: " وەزارەت سڵ ناکاتەوە لە لێپرسینەوە لە هەر لایەنێک کە کەمتەرخەمی یان بەرپرسیارێتیی بسەلمێت، وەک پابەندبوونێک بە هەق و دادپەروەری، و لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان."
وەزیری ناوخۆ ڕێنمایی دەرکرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری تەکنیکیی وەزیر، و ئەندامیەتیی بەڕێوەبەری بەڵگە تاوانکارییەکان، و ژمارەیەک لە لێکۆڵەری باڵا و پسپۆڕی تەکنیکیی شارەزا، بۆ زانینی هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت ئاگرکەوتنەوەکە و دیاریکردنی شوێنی کەموکوڕییەکان و بەرپرسیارێتی بە وردی و شەفافیەتەوە.
جەختیش کراوەتەوە: "ئەنجامی لێکۆڵینەوە تەکنیکییە گشتگیرەکان، هەر کە تەواو بوون، ڕادەگەیەندرێن، وەک پابەندبوونێکی وەزارەت بە بنەمای شەفافیەتی تەواو لەبەرامبەر ڕای گشتیدا".
لە لایەکی دیکەوە "محەممەد جەمیل" پارێزگاری واست ڕایگەیاندووە: " دەسەڵاتدارانی پارێزگاکە دوای ڕووداوەکە ڕێوشوێنی یاساییان لە دژی خاوەنی مۆڵەکە گرتووەتە بەر".
پارێزگاری واست دەڵێت، لایەنی پەیوەندیدار تا ئێستا لە لێکۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە بزانن، گوتیشی لە ماوەی 48 کاتژمێری دیکە هەموو شتێک یەکلایی دەبێتەوە و بۆ رای گشتی ئاشکرای دەکەین.
جەختیشی کردەوە کاری لە پێشینەی حکوومەت، پارێزگاری کردن لە هاووڵاتییانە و لە لێکۆڵینەوەکانی بەردەوام دەبێت و کەموکوڕیەکە لە هەر کەسێکەوە بێت رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری دەگیرێتە بەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.