ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پاش خستنەڕووی وردەکارییەکانی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی دوێنی لە بەغدا لەسەر دابینکردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتە ئاراوە، ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکرانی ناوەرۆکی لەیەکتر تێگەیشتنەکە دەربڕی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان. داواشی لە حکوومەتی فیدراڵ کرد کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران ، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان .
سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاریی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.



کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.