Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:43

وەزیری بەرگریی سوریا: لە سوەیدا ئاگربەست ڕاگەیەندرا

کوردستان TV
100%

دوای سێ ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی لە سوەیدای سووریا، وەزیری بەرگریی ئەم وڵاتە ئاگربەستی ڕاگەیاند.

ڕۆژی سێشەممە، 15ـی تەمووز، مەرحەف ئەبوو قەسرە، وەزیری بەرگریی سوریا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ''دوای ڕێککەوتن لەگەڵ کەسایەتی و پیاوماقووڵانی شارەکە، ئاگربەستێکی گشتگیر بۆ هەموو یەکە سەربازییەکانی ناو شاری سوەیدا ڕادەگەیەنین".

ئەبوو قەسرە وتی: ''تەنها وڵامی ئەو کەسانە دەدەینەوە کە پشێوی دروست دەکەن و ڕووبەڕووی هەر ئامانجگرتنێک دەبینەوە کە لە لایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە ئەنجام بدرێت".

وەزیری بەرگریی سوریا، وتیشی: ''ڕێنمایی توندمان داوەتە هێزەکانی ناو شاری سوەیدا  بۆ دابینکردنی ئاسایشی دانیشتووان و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، هەروەها پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت لە دەستی کەسانی نابەرپرس".

بە گوتەی مەرحەف ئەبوو قەسرە؛ ''هەر کە ئۆپەراسیۆنەکان کۆتاییان هات، دەست دەکەین بە ڕادەستکردنی گەڕەکەکانی شاری سوەیدا بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی پشێوی و گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ ماڵەکانیان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ شارەکە''.

ئەبو قەسرە جەختیشی کردەوە: سوپا فەرمانی کردووە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پۆلیسی سەربازی لەناو شاری سوەیدا دەست پێ بکات، بۆ چاودێریکردنی هەر هەڵسوکەوتێکی سەربازی و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران.

شەڕی سوەیدا لە باشووری سووریا، دوای سێ ڕۆژ، کوژرانی 102 کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکەی لێ کەوتەووە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.