بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی سۆران دەڵێت، کێشەی کەمیی کارەبا گرفتێکی تەکنیکی بووە و ئێستا کێشەکە بە تەواوی چارەسەر کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی تەمووز، ئەردەوان ئیبراهیم، بەرێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی سۆران بە شاخەوان سەلمان، پەیامنێری "کوردستان تیڤی"ی راگەیاند: "کێشەی کەمیی کارەبا لە ئیدارەی سۆران و دەوروبەری چارەسەر بووە وئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا رووی دا کێشەی تەکنیکی بوو".
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران دەڵێت، بە گوێرەی ئەو مێگاواتانەی بە ئێمە دەگەن پێویستە لەسەرمان کاری دابەشکردنی بۆ بکەین.
بە گوتەی ئەردەوان ئیبراهیم، کێشەی کەمیی کارەبا تەکنیکی بووە و لە چەند ناوچەیەکمان نزیکەی 450 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی کارەبا دەرچووە و ببوە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا لە سنووری سۆران و دەوروبەری.
بەڕێوبەری گشتیی کارەبای سۆران گوتیشی: بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە گوندەکانمان موەلیدەی ئەهلییان نییە ناچارین بە شەوان و کاتە گەرماکان کارەبایان پێ بدەین، ئەو ناوچانەی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانیان هەیە بە هاوبەشی لەگەڵ کارەبای نیشتیمانی بە 24 کاتژمێری کارەبایان پێ دەدەین.
کاتی دابەشکردنی کارەبا لە گوندەکان لە کاتژمێر 12 نیوەڕۆ بۆ 4ی ئێوارەیە و ماوەی 2 کاتژمێر کارەبا دەکوژێتەوە و لە 6ی ئێوارەوە بۆ 7ی بەیانی کارەبایان پێ دەدرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.