سیناتۆرێکی ئەمریکا دەڵێ گرووپی ئیخوان موسلمین بەم زووانە لەلایەن ئەمریکاوە دەخرێتە لیستی تیرۆریستییەوە و بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی بەڵگەنامەکانی تیرۆرستبوونی گرووپەکەی خستووەتە بەردەم کۆنگرێس.
ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی تەمووز، تێد کروز، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا کە ماوەی مانگێکە پڕۆژە یاسایەکی بۆ بە تیرۆریست ناساندنی گرووپی ئیخوان موسلمین، پێشکەش کۆنگرێس کردووە، سەرجەم بەڵگەنامەکانی بۆ سەلماندنی تیرۆریستبوونی ئەم گرووپە خستە بەردەم کۆنگرێس.
تێد کروز لە دوای کۆبوونەوەکەی کۆنگرێس ڕایگەیاند بەم نزیکانە گرووپی ئیخوان موسلمین بە فەرمی دەخرێتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پڕۆژەیاساکەی تێد کروز کە مانگێکە پێشکەشی کۆنگرێس کراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت پێویستی بە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا هەیە.
سەرچاوەیەکی باڵای کۆمارییەکان لە کۆنگرێس کە کار لەسەر کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دژە تیرۆر دەکات، بە رۆژنامەی ئەمریکیی واشنتن فری بیکێنی راگەیاند:"چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا گرووپەکان بە تیرۆریست بناسێنێت و کۆنگرێس بەگوێرەی بەڵگەکان پرۆژە یاساکە جێبەجێ دەکات و رادەستی سەرۆکی ئەمریکای دەکات؛ دوا بڕیار لەدەستی ترەمپە".
تێد کرۆز، بە وردی کار لەسەر ئەوە دەکات بە زووترین کات گرووپی چەکدارانی ئیخوان موسلمین بخاتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە پرۆژەکەیدا تەواوی وردەکاری و بەڵگەکانی خستووەتە روو.
پرۆژە یاساکە ماوەی مانگێکە لە کۆنگرێستەو تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، چەند جارێک لەلایەن کۆنگرێستەوە هەوڵی ئەوە دراوە گرووپەکە بە تیرۆریست بناسێنرێت بەڵام سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستا کۆتا بڕیاری لەسەر نەداوە.
پێشتر گرووپی ئیخوان موسلمین لەلایەن وڵاتانی سعوودیا، ئیمارات، میسر و سووریاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.