Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:50

ڕووسیا هۆشداریی دایە هەریەک لە ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریی دایە ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن سەبارەت بە پێکهێنانی هاوبەشییەکی ئەمنی کە کۆریای باکوور بکاتە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە سەردانی کۆریای باکووری کردوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پتەوکردنی زیاتری هاوکارییەکانی دوو وڵات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کە سەردانی کۆریای باکووری کردووە، ڕۆژی شەممە 12ی تەمووزی 2025، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا کۆرییەکەی، کۆریای باشوور و ژاپۆنی تۆمەتبار کرد بە"زیادکردنی هێزی سەربازی لە دەوروبەری کۆریای باکوور".

بە گوێرەی ئاژانسی حکوومیی تاسی ڕووسیا، لاڤرۆڤ بە پەیامنێرانی گوت: "ئێمە هۆشداری دەدەین لە بەکارهێنانی ئەم پەیوەندییانە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی کە دژی هەر لایەنێک بێت، بە کۆریای باکوور و بێگومان ڕووسیاشەوە."

ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن، وەک وڵامێک بۆ بەرنامە ئەتۆمییە پێشکەوتووەکەی کۆریای باکوور، مانۆڕە سەربازییە سێقۆڵییەکانیان فراوان کردووەتەوە. ڕۆژی هەینی، ئەو سێ وڵاتە لە نزیک نیمچەدورگەی کۆریا، مانۆڕێکی ئاسمانیی هاوبەشیان ئەنجام دا کە بۆمبهاوێژی ئەمریکیی B52 کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمیی هەیە، تێیدا بەشدار بوو.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی شەممە هۆشداریی دایە ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن لە پێکهێنانی هاوبەشییەکی ئەمنی کە کۆریای باکوور بکاتە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە سەردانی کۆریای باکووری کردوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پتەوکردنی زیاتری هاوکارییەکانی دوو وڵات. 

هاوکاتیش گەورە ئەفسەرە سەربازییەکانیان لە سیئۆل کۆبوونەوە و داوایان لە کۆریای باکوور کرد، هەموو ئەو چالاکییە نایاساییانەی هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکەن ڕابگرێت.

لاڤرۆڤ لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆریا، بە ئاماژەکردن بەوەی ڕووسیا لە بڕیاری کۆریای باکوور بۆ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تێدەگات، گوتی: "ئەو تەکنەلۆژیایانەی کۆریای باکوور بەکاریان دەهێنێت، دەرئەنجامی کاری زانایانی خۆیەتی. ئێمە ڕێز لە خواستەکانی کۆریای باکوور دەگرین و لەو هۆکارانە تێدەگەین کە وایان لێ دەکات پەرە بە بەرنامەی ئەتۆمی بدەن."

لە بەرانبەریشدا، چۆی سۆن هوی، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور جەختی کردەوە وڵاتەکەی "بەبێ مەرج" پشتیوانی لە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا دەکات. ئەو پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیای بە "هاوپەیمانێتییەکی تێکنەشکاو" وەسف کرد.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕۆژی هەینی گەیشتە شاری وۆنسانی ڕۆژهەڵاتی کۆریای باکوور بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ چۆی سۆن هوی، هاوتا کۆرییەکەی. شاری وۆنسان، کە شوێنی کۆبوونەوەکە بوو، ئەو شوێنەیە کە کۆریای باکوور بەم دواییانە هاوینەهەوارێکی گەورەی کەنار دەریای تێدا کردووەتەوە کە دەڵێت دەتوانێت نزیکەی ٢٠,٠٠٠ کەس لەخۆبگرێت.

پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیان کردووە. کۆریای باکوور بۆ پشتیوانیکردنی جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، سەرباز و تەقەمەنی دابین دەکات و لە بەرامبەردا هاوکاریی سەربازی و ئابووری وەردەگرێت. ئەمەش نیگەرانیی لای کۆریای باشوور، ئەمریکا و لایەنەکانی تر دروست کردووە کە ڕەنگە ڕووسیا تەکنەلۆژیای هەستیاریش بداتە کۆریای باکوور، کە دەتوانێت مەترسیی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی زیاتر بکات.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.