سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا بە بۆنەی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە ڕایگەیاند ئەم پڕۆسەیە بە قازانجی هەموو تورکیا دەبێت و نابێ کەس لێی نیگەران بێت. گوتیشی ئەگەر کورد لە تورکیا کێشەی هەیە با بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر کەین.
ڕۆژی شەممە 12ی تەمووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە یەکەم لێدواندا پاش چەکدانانی 30 گەریلای پەکەکە ڕایگەیاند، شەڕ لەگەڵ پەکەکە 2 ترلیۆن دۆلار زیانی بە ئابووریی تورکیا گەیاندووە و 10 هەزار سەرباز و پەنجا هەزار هاووڵاتیی تورکیاش لەم شەڕەدا کوژراون.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی 47 ساڵە وڵاتەکەمان تووشی شەڕ بووە و بە هۆی هەڵەی حکوومەتەوە چەندین گوندمان لەناو چوون. بەڵام ئیستا لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیادا هەڵدراوەتەوە و دەرگای سەدەیەکی نوێ بە ڕووی تورکیادا کراوەتەوە.
ئەردۆغان گوتیشی، حکوومەتەکانی پێشوو هەوڵیان دا پەکەکە لەناو ببەن بەڵام بەهۆی هێندێک هەڵە نەیانتوانی ئەم کارە بکەن. یەکێک لەو هەڵانەش قەدەغەکردنی زمانی کورد بوو کە بوو بە هۆی ئەوەی کێشەکە قووڵتر بێتەوە. بەڵام ئاکپارتی بە پشتیوانیی جەهەپە و هاوکاریی دەمپارتی توانی پڕۆسەکە بە ئەنجام بگەیەنێت.
بە گوتەی سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەی رووی داوە ئەنجامی دانوستان یا وەرگرتن و دانی هێندێک ئیمتیاز نییە و کەس ناتوانێ گومان لە وڵاتپارێزی و نەتەوەپەروەریی ئێمە بکات. جەختیشی کردەوە ئێمە هیچ کارێک ناکەین کە خێری تورکیای تێدا نەبێ و هەموو هەولەکانمان بۆ خێری تورکیایە و لە ڕیزی پێشەوەی ئەم هەوڵانەشدا دەبین. هەر لایەنێکیش پشتیوانیی لەم هەوڵانە بکات پشتی دەگرین و ئەوەی لە دژی خێر و قازانجی تورکیا بێت بەرەنگاری دەبینەوە. با کەس نیگەران نەبێت. ئێمە هەر کارێک دەکەین بۆ گەلی تورکیا و بۆ ئازادی و داهاتووی خۆمانی دەکەین.
ئەردۆغان گوتی، ئەوانەی لە تورکیا بەرەنگاری پەکەکە دەبوونەوە سوودیان لەم دۆخە وەردەگرت و پەرەیان بە نائارامی دەدا. لەبەر ئەوەی نەبوونی ئاسایش بووە هۆی ئیمتیاز بۆ ئەوان. ئەوان خەڵکیان ڕووتاندەوە. بۆیە ئیستا ئەوان لە هەموو لایەن زیاتر لە دژی چارەسەرین. لەبەر ئەوەی دەرگای بەرژەوەندییەکانیان دادەخرێ و سوودەکەیان لەدەست دەدەن و ئیدی ناتوانن بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە خۆیان بەهێز بکەین. بە گوتەی ئەردوغان ئەوانە بۆ تێکدانی ڕەوشەکە و تاریک کردنی بیری خەڵک هەوڵێکی زۆر دەدەن و پیویستە خەڵک ئەمانە ببینێ. گوتیشی ئەمانە خۆیان بە وڵاتپارێز دەزانن بەڵام بە بڵاو کردنەوەی درۆ و بانگەشەی تیۆریی پیلان و بڵاوکردنەوەی ترس و نیەتخوێندن دەیانەوێ خۆشحاڵیی خەڵکەکە تێک بدەن بەڵام ئەوان چی دەکەن با بیکەن، تیرۆر کۆتایی پێ دێت و ئەوان بێکار دەبن و ئیدی ناتوانن لەم دۆخە سوود وەرگرن.
ئەردوغان بە ئاماژەکردن بە پەیوەندیی مێژوویی کورد و تورک و عەرەب لە ناوچەکەدا جەختی کردەوە هەرکات ئەم سێ گەلە یەکگرتوو بوون توانیویانە سەرکەون و هەرکات دەستیان لێک بەرداوە زیانیان پێ گەیشتووە. دڵنیاییشی دایە هەموو خەڵکی تورکیا کە ئەم پڕۆسەیە بە قازانجی هەموو تورکیا دەبێت و گوتیشی نابێ کەس نیگەران بێت و هەمووان دەبێ لە شەقامەکان ئاهەنگ بگێڕن و خۆشحاڵ بن و هەموو شوێنێک بە ئاڵای تورکیا بڕازێننەوە.
بە گوتەی ئەردۆغان، بۆ ئەوەی چی دیکە دایکان فرمێسک نەڕێژن و خوێن نەڕژێت، هەمووان لە نزیکەوە پێکەوە کار دەکەن و بە تایبەتیش سپاسی دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی کۆماری گەلی تورکیای کرد بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەکە و گوتی: لەسەر بنەمای بانگەوازی ئیمراڵی پەکەکە لە کۆنگرەیەکدا خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و ئیستاش دەستیان کردووە بە دانانی چەکەکانیان. ئەمەش دەستپێکردنی ڕۆژێکی مەزن بۆ تورکیایە.
ئەردوغان ڕایگەیاند بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان دروست دەکەن و لەگەڵ جەهەپە و دەمپارتی هەنگاو بۆ داهاتوو دەنێن و پێمان وایە کاری باشتر دەکەین و پڕۆسەکە باشتر بەرەو پێشەوە دەبەین. گوتیشی لەمڕۆ بە دواوە بە گفتوگۆ کێشەکانمان چارەسەر دەکەین و ئەگەر کورد لە تورکیا کێشەی هەیە با لەجێی هەڵگرتنی چەک بێن گفتوگۆ بکەین و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین. ئاماژەی بەوەش کرد شتی زۆر خۆشتر ڕوو دەدا و بە بەشداریی هەموو لایەنەکان پەرلەمانیش پشتیوانی لەم پڕۆسەیە دەکات.
ئەردوغان لە کۆتایی گوتارەکەیدا سوپای حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە لەم پڕۆسەیەدا هاوکار و یارمەتیدەر بوون و ڕۆڵێکی ئەرێنییان گێڕاوە. گوتیشی پرسی کورد لە سووریا و عێراقیش پرسی ئێمەیە و لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆ دەکەین و پڕۆسەی ئاشتی بەرەوپێش دەبەین. لەبەر ئەوەی ئەوانیش زۆر بەم پڕۆسەیە دڵخۆشن. ئاماژەی بەوەش کرد بۆ تورکیا مەرجێکی سەرەکییە کە برایانی کوردمان لە سووریا بتوانن لە ئاشتی و ئارامیدا بژین و لەوێش گفتوگۆکانمان بەردەوامە و دەسکەوتی زۆر ئەرێنیمان هەبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.