Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 00:40

گۆڤاری نیوزویک: ڕەنگە شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەست پێ بکاتەوە

کوردستان TV
100%


گۆڤاری نیوزویک لە شیکارییەکی نوێدا نووسیویەتی، ئالۆزییە قووڵ و ستراتیژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و چارەسەر نەکراون، ئاگربەستە نوێیەکە، کەلێنە بنەڕەتییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دانەپۆشیوە و مەترسیی دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان لە زیادبووندایە.

ئەم وتارە بە پشت بەستن بە بەڵگەکان لەسەر خێراکردنەوەی بنیادنانەوەی توانای سەربازیی هەردوو وڵات، هەڵپەساردنی هاریکاریی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ناتەواوی و لێڵی سەبارەت بە ڕادەی لەکارکەوتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هاوڕایی زیاتری ترەمپ و نەتانیاهۆ بەرامبەر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چڕبوونەوەی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، پێشبینی دەکات ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ لەنێوان هەردوو وڵاتدا دوور لە چاوەڕوانی نییە.

نیوزویک بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی "میدڵ ئیست ئای" سەبارەت بە ناردنی سیستەمی مووشەکی زەوی بە ئاسمان لەلایەن چینەوە بۆ ئێران و ڕاگەیاندنی ئامادەیی وەزارەتی بەرگریی چین بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی فرەئەرکی J-10 بە "وڵاتانی دۆست"، ئەو ئەنجامەی وەرگرتووە کە ئێران دەیەوێت سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی خۆی نوێ بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ بەهێزکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی بەسەر لوبناندا، پێکهێنانی یەکەی ئاسایشی ناوخۆیی نوێ بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و کاراکردنەوەی هێزە یەدەگە سەربازییەکان بۆ پشتیوانی لە هێڵی پێشەوەی بەرگری، بە نیشانەی ئامادەکاریی ئەو وڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەی ئەگەری دەزانێت.

نووسەری نیوزویک هەروەها خێراکردنی ناردنی کەرەستەی سەربازی، لەوانە تەقەمەنیی ورد و پێشکەوتوو و سیستەمی نوێی بەرگریی مووشەکی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل، بە نیشانەی بڕیاری ئەو وڵاتە بۆ قەرەبووکردنەوەی خێرای ئەو زیانانە دادەنێت کە لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا بەر دامەزراوە سەربازییەکانی کەوتووە.

ئەم گۆڤارە، ناڕوونییەکان سەبارەت بە ئاستی لەکارکەوتنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران سەبارەت بە بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی سانتریفیوژی پێشکەوتوو، پچڕاندنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و تاریکبوونی ئاسۆی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، وەک بەشێک لەو هۆکارانە دەبینێت کە ئەگەری قووڵبوونەوەی ئالۆزییەکان زیاد دەکەن.

نووسەری بابەتەکە بە شیکردنەوەی دیدار و ئەنجامەکانی سەردانە نوێیەکەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی نەتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیی ئەو وڵاتە لە هێزە سەربازییە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا، هاودەنگن و ئەمەش دەتوانێت زەنگێکی ئاگادارکەرەوە بێت بۆ تاران.

نیوزویک چڕبوونەوەی چالاکییەکانی حوسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی مەترسیی دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان دەزانێت: "ئەم هێرشە هەماهەنگکراوانە، نیشاندەری زیادبوونی توانای سەربازیی حوسییەکانە و بەشێکە لە ستراتیژیی فراوانتری ئێران بۆ خستنە ژێر فشاری ئیسرائیل و تێکدانی ڕێڕەوە گرنگەکانی گواستنەوەی دەریایی. زیادبوونی ئەم جۆرە پێکدادانانە دەتوانێت جارێکی دیکە ئەمریکا ڕاستەوخۆ بهێنێتە ناو گۆڕەپانی جەنگ لە ناوچەکەدا."

وتارەکە لە کۆتاییدا، بە ئاماژەدان بە ویستی خۆپارێزانەی تاران و لە هەمان کاتدا، نەبوونی هیچ نیشانەیەک لەسەر بڕیاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕاگرتنی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە ئیسرائیل هێشتا سوورە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئێرانێکی ئەتۆمی کە خاوەنی مووشەکی بالیستییە، دەگاتە ئەو ئەنجامەی "مەترسیی دەستپێکردنەوەی پێکدادانی ڕاستەوخۆ هێشتا زۆر جیددییە."

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.