Erbil 31°C پێنجشەممە 10 تەمووز 13:31

 روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی توونددا رەخنە لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەگرێت و تۆمەتباری دەکات بە پەردەپۆشکردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. وەزارەتەکە دەشڵێت، سەرەڕای بوونی بەڵگەی روون و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش، تاوەکو ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکراون و کەسیش لەسەر ئەو تاوانانە سزا نەدراوە.

 

دەقی راگەیێنراوەکە؛

ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

 

ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.

لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر.

ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە.

لێرەدا ڕایدەگەیەنین كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.