Erbil 31°C شەممە 12 تەمووز 04:21

قوتابییه‌كی کورد هەڵەیەکی زانستی لە کتێبێکی جیهانی راست دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

قوتابییه‌كی بەهرەمەندی زانکۆی ڕاپەڕین، هەڵەیەکی زانستی لە کتێبێکی پزیشکیی ناوداری جیهانیدا دەدۆزێتەوە و دەزگایەکی گەورەی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەک (Elsevier) ناچار دەکات دان بە هەڵەکەدا بنێت و ڕاستی بکاتەوە.

 

لە دەستکەوتێکی زانستیی گرنگدا، قوتابییه‌كی کورد بە ناوی (ژیوار حەسەن خدر)، کە لە قۆناغی سێیەمی کۆلێژی پەرستاری لە زانکۆی ڕاپەڕین دەخوێنێت، توانی هەڵەیەکی زانستی لە چاپتەری 33ـی کتێبی پزیشکیی بەناوبانگی جیهانی "Lewis’s Medical-Surgical Nursing, eleventh edition" دەستنیشان بکات.

هەڵەکە تایبەت بوو بە دەرمانی (Fibric acid derivatives) کە لە کتێبەکەدا ئاماژەی پێکرابوو کاریگەریی لەسەر ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش (LDL) نییە، لە کاتێکدا بەپێی نوێترین توێژینەوەکان ئەم زانیارییە نادروستە.

قوتابییه‌ کوردەکە دوای دڵنیابوونەوە لە هەڵەکە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی (Elsevier)ـی جیهانییەوە کردووە کە خاوەنی کتێبەکەیە.

ژیوار حەسەن بە بەڵگەی چەندین سەرچاوەی زانستیی باوەڕپێکراوی دیکە، هەڵەی زانیارییەکەی بۆ سەلماندوون.

لەوەڵامدا، دەزگای (Elsevier) بە فەرمی دانی بە هەڵەکەدا ناوە و سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ژیوار حەسەن کردووە بۆ ئەم تێبینییە وردە زانستییەی کە بووە هۆی ڕاستکردنەوەی زانیارییەک لە کتێبێکی هێندە گرنگدا کە لە سەرتاسەری جیهان دەخوێنرێت.

شایەنی باسە، ئەم دەستکەوتە زانستییەی ئەو قوتابیه‌ بەهرەمەندە لەسەر ئاستی ناوخۆش ڕێزی لێ گیراوە و لەلایەن هەریەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکایەتیی زانکۆی ڕاپەڕین و ڕاگرایەتیی کۆلێژی پەرستارییەوە، سوپاس و ستایشی تایبه‌تی ئاراسته‌ كراوه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.