ئاژانسی ئاسۆشەیتێد پریس ڕایگەیاند لە رۆژانی 10 بۆ 12ی تەمووز، ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە لە سلێمانی چەک دادەنێن و بە شێوەی هێمایی بەشێک لە چەکەکانیان لەناو دەبەن.
ئاژانسی ئاسۆشەیتێد پرێس، ڕۆژی هەینی 4ی تەمووزی 2025، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی هێزەکانی پەکەکە ڕایگەیاند، لە رێوڕەسمێکدا کە چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان 10 بۆ 12ی تەمووز لە شاری سلێمانی بەڕێوە بچێت، پەکەکە بە کردەوە پڕۆسەی چەکدانانی خۆی دەست پێ دەکات.
ئاسۆشەیتێد پرێس لەسەر زاری بەرپرێکی باڵای کوردەوە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە ڕایگەیاند: ڕێککەوتنێک کراوە بۆ "لەناوبردنی هێمایی بۆ هێندێک چەکی سووک بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەی تورکەکان"، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەکەکە، ڕایگەیاند: هێزەکانی پەکەکە "بە سەرپەرشتیی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان" چەکەکانیان لەناو دەبەن. وتیشی هێشتا ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبن دیاری نەکراوە بەڵام ڕەنگە لە نێوان 20 بۆ 30 کەس بن.
گوتەبێژی پەکەکە جەختیشی کردووەتەوە: بۆ ئەوەی پەکەکە هەنگاوی زیاتر بەرەو چەکدانان بنێت، "پێویستە 'ڕژێمی گۆشەگیری' سەپێنراو بەسەر ئۆجەلان لە زینداندا هەڵبوەشێتەوە و هەنگاوی دەستووری، یاسایی و سیاسی بنرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو گەریلایانەی وازیان لە ستراتیژی خەباتی چەکداری هێناوە، بتوانن دووبارە تێکەڵ بە سیاسەتی دیموکراتی لە تورکیا بکرێنەوە."
پارتی کرێکارانی کوردستان، (پەکەکە)، لە مانگی ئایاردا ڕایگەیاندبوو خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و واز لە خەباتی چەکداری دەهێنێت، بەمەش کۆتایی بە چوار دەیە لە دوژمنایەتی دێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە، کە لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە لە دوورگەیەک لە نزیک ئەستەنبوڵ زیندانی کراوە، لە مانگی شوباتدا داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرەیەک ببەستن و بە فەرمی خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەک دابنێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.