مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، یاسای پەسندکراوی پەرلەمانی وڵاتەکەی سەبارەت بە هەڵپەساردنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی واژۆ کرد و بە مەبەستی جێبەجێکرانی گشتاندنی بۆ کرد.
ئاژانسەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 2ی تەمووزی 2025، سەرۆککۆماری ئێران لە نامەیەکدا بۆ هەریەک لە ڕێخکراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە، گشتاندنی بۆ یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە.
لەم نامەیەدا هاتووە: "کۆپییەک لە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسند کراوە و ئەنجومەنی پاراستنی دەستووریش پەسندی کردووە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی گشتاندنی بۆ دەکرێت."
پەرلەمانی ئێران ڕۆژی 26ی حوزەیران و تەنیا ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئسیرائیلدا، ئەم یاسایەی پەسند کرد. محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دوای پەسندکرانی یاساکە رایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تەنانەت ئامادە نەبوو هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئیدانە بکات، پەرلەمان بڕیاری لەسەر ئەم یاسایە داوە.
دوای پەسند کردنی یاساکەش، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا داوای لە ئێران کرد ئەم یاسایە جێبەجێ نەکرێت و تاران بە خێرایی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس دەست پێ بکاتەوە. سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمییش داوایان کردووە ئێران بە خێرایی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.