ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی حوزەیران، یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: رێککەوتنێکی سەرەتاییان لەگەڵ ئۆکراینا ئەنجامداوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئازاد، بەتایبەتیش لە بواری هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە هەستیارەکاندا.
مارۆس سێڤکۆڤیچ کۆمیسیاری بازرگانیی یەکێتیی ئەوروپا جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە هاوسەنگ و دادپەروەرانە و واقیعییانەیە، روونیشی کردەوە کە کۆتا پشک بۆ بەرهەمە هەستیارەکانی وەک هێلکە، شەکر و گەنم دیاری کراوە.
بۆ پشتیوانیکردن لە کیێڤ لە بەرامبەر داگیرکاریی رووسیا، یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2022ـەوە تا 5ـی حوزەیرانی ڕابردوو، باجی گومرگی لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئۆکراینا هەڵگرتبوو، بەڵام جووتیارانی ئەوروپی بەردەوام ناڕەزایەتییان بەرامبەر کێبڕکێی نادادپەروەرانەی ئۆکراینا دەردەبڕی و داوای گەڕانەوەیان دەکرد بۆ سیستەمی کۆتاکانی پێش جەنگ، کە لە رێککەوتننامەی ساڵی 2016دا هاتبوو.
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا گوتی: بە رێککەوتنە نوێیەکە، دڵنیایی دەدەین لە بەردەوامیی جوولەی بازرگانی لە ئۆکرایناوه بۆ ئەوروپا، لە هەمانکاتدا بەردەوام دەبین لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی جوتیارەکانمان."
بۆ دڵنیاکردنەوەی کەرتی کشتوکاڵ، یەکێتیی ئەوروپا بەڵێن دەدات کۆتا بۆ بەرهەمەکانی وەک گەنم، گەنمەشامی، شەکر، هەنگوین، پەلەوەر و هێلکە دیاری بکات، لە کاتێکدا بەرهەمەکانی دیکە وەک شەربەتی ترێ و شیری ترشاو لەو کۆتایانە بەدەر دەکرێن.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەڵێت: یەکێتیی ئەوروپا بازاڕەکانی خۆی بە رووی بەرهەمە ئۆکرانییەکاندا زیاتر دەکاتەوە، لەوەی پێش جەنگ کراوە بوو، لەگەڵ رەچاوکردنی هەستیاریی هەندێک کەرتی خۆراکی کشتوکاڵی.
سیستەمی کۆتا لە بازرگانیدا بریتییە لە دیاریکردنی بڕێکی سنووردار بۆ هاوردەکردن یان هەناردەکردنی کاڵایەکی دیاریکراو. بۆ نموونە یەکێتیی ئەوروپا ڕێگە دەدات ساڵانە تەنیا 100 هەزار تەن گەنم لە وڵاتێکەوە هاوردە بکرێت بەبێ باجی گومرگی، ئەگەر زیاتر لەو بڕە هاوردە کرا، ئەوا باجی گومرگیی تەواوی دەخرێتە سەر، ئامانج لێی پاراستنی بازاڕی ناوخۆیی و جوتیارانی ناوخۆییە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.