ئەمشەو یەكشەممە و دوای ئەنجامدانی دوایین یاری خولی ئەستێرەكانی عێراق، بە گوژمەی 1 ملیار و 830 ملیۆن دینار دەست بە نۆژەنکردنەوەی یاریگەی نێودەوڵەتی شەهید فەڕەنسۆ هەریری کرا.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەنێو یاریگەی شەهید فەڕەنسۆ هەریری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە ساڵیادی شەهیدی سەرکردە فەڕانسۆ هەریری، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی یاریگەکەمان ڕاگەیاند، ئەمڕۆش سوپاس بۆ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کە ڕەزامەندبوون لەسەر دەرخستەی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان کرا.
ڕاشیگەیاند: بە هۆی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق نۆژەنکردنەوەکە دواکەوت بۆ ئەو کاتە، ئەمڕۆش لە دوا یاریی یانەکەمان، بە گوژمەى 1 ملیار و 830 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی چیمەن و تراکى یاریگەکە لە جۆرى (هاى بێرد) دەکرێت کە زۆربەى یاریگە گەورە و جیهانییەکان بەو چیمەنە فەرشکراون.
ئەمە لەكاتێكدایە كە چیمەنی یاریگەی شەهید فەڕەنسۆ هەریری لە ساڵی 2012ـەوە یاری لەسەر دەکرێت و نۆژەن نەکراوەتەوە.
یاریگای شەهید فەڕەنسۆ ھەریری یاریگەیەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لە کۆتایی ساڵی 2001 بەناوى شەهید فەڕەنسۆ ھەریری کراوە، لە ساڵی 2009 بۆتە یاریگەیەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگەیە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاو لە مێژووی شارى هەولێردا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.