Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 16:03

160 هاوپەیمانی و حزب لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بەشدار دەبن

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: تا ئێستا 160ھاوپەیمانی و حزب و لیستی تاکەکەسی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمیسیۆن کردووە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

ئەمرۆ یەکشەممە 29ـی حوزەیران، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا 160ھاوپەیمانی و حزب و لیستی تاکەکەسی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمیسیۆن کردووە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و ئێستا ناوەکان لە پڕۆسەی وردبینییدان و ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە مانگێک ھەیە بۆ ئەوەی وردبینی لە بەڵگەنامەکانی کەسی کاندیدبوو بکرێت".

لە هەرێمی کوردستان هەریەک لە، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ، بەرەی گەل، بەرەی تورکمانی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و، ڕەوتی هەڵوێست لیستی کاندیدەکانییان پێشکەش بە کۆمیسیۆن کردووە.

پێنجشەممەی ڕابردوو، 26ـی حوزەیران، دوا وادەی خۆ تۆمارکردنی کاندیدەکان بوو و ھەموو ئەوانەی بڕیارە بەشداریی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکەن، بەر لە تەواوبوونی ئەو وادەیە لیستی کاندیدەکانییان پێشکەش بە کۆمیسیۆن کردووە.

ڕۆژی 4ـی نیسانی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێڕاق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ڕۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دیاری کرد و بەم پێیەش بڕیارە ڕۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 پڕۆسەکە لە سەرتاسەری عێڕاق بەڕێوەبچێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.