Erbil 31°C شەممە 10 تشرینی یەکەم 13:24

ئێران.. لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە دوو هەزار کەس لەسێدارە دراون

100%

کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاشکرای کرد، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 2003 کەس لەو وڵاتەدا لەسێدارە دراون، هاوکات هۆشداریی دا لە بەکارهێنانی ئەم سزایە لەلایەن تارانەوە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی و دروستکردنی ترس لە کۆمەڵگەدا.

ئەمڕۆ شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان، کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند: لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا (2003) حاڵەتی لەسێدارەدانیان لە وڵاتەکەدا تۆمار کردووە، کە لەو ژمارەیەش (69) حاڵەتیان پەیوەندیدار بوون بە تۆمەتی سیاسی و ئاسایشی.

ڕێکخراوەکە هۆشداریی لە زیادبوونی بەرچاوی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان دا و جەختی لەوە کردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک سزای لەسێدارەدان بۆ سەرکوتی سیاسی، دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە نێو کۆمەڵگە و پێشێلکردنی مافی ژیان بەکار دەهێنن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا کراوە دەستبەجێ لە سەرتاسەری ئێراندا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگیرێت وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی ئەم سزایە، هەروەها داوای گۆڕینی سزای لەسێدارەدان بۆ سزای دیکە کراوە، بەتایبەتی لە دۆسیە سیاسییەکان و دۆسیەکانی پەیوەست بە خۆپیشاندانەکان و ئەو تۆمەتبارانەی لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا تەمەنیان لە خوار (18) ساڵ بووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجەدان و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ کردووەتەوە، لەگەڵ ڕەخساندنی دەرفەت بۆ تۆمەتباران تا دەستیان بە پارێزەری سەربەخۆ بگات و ڕەتکردنەوەی سەرجەم ئەو دانپێدانانەی لە ژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون، هاوکات داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانەی لەبارەی ڕەچاوکردنی مافەکانی تۆمەتباران لە دۆسیەکانی لەسێدارەداندا کردووە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.