ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆبوویەوە و خانەنشینکردنی "جاسم محەمەد عەبوودی"ی بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە پەسند کرد.
رۆژی یەکشەممە 29ـی حوزەیران، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند؛ "لیژنەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بەپێی بڕگەکانی یەکەم و دووەمی مادەی سێیەمی یاسای ژمارە 30 ساڵی 2005ـی دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیاری خانەنشینکردنی جاسم محەمەد عەبوودی، سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراقی دەرکرد".
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، هەر لەو دانیشتنەدا لیژنەکە "مونزیر ئیبراهیم حوسێن"، جێگری سەرۆکی دادگەکەی تەمیزی فیدراڵیی بەربژێر کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق.
نووسراوی بەربژێرکردنی دادوەر مونزیر ئیبراهیم رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کراوە بۆ ئەوەی "د. لەتیف رەشید" مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی دەربکات.
دادوەر "مونزیر ئیبراهیم حوسێن"، جێگری سەرۆکی دادگەی تەمیزی فیدراڵی، لەدایکبووی ساڵی 1963ـیە و ئەندامی یەدەگی دادگەی فیدراڵیی عێراق بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.