کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد، هاووڵاتییەکی تەمەن 24ساڵەی ئیسرائیلی بە ناوی "رۆی میزراهی" کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابوو، جانتایەکی پڕ لە تەقەمەنیی لە نزیک ماڵی "ئیسرائیل کاتز"، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داناوە.
بە پێی ڕاپۆەرتەکەی کەناڵ 12، کەسێکی ئێرانی بە ناوی خوازراوی "گێتز" داوای لە "ڕۆی میزراهی" کردووە، بۆمبێک لە نزیک ماڵی "ئیسرائیل کاتز"، وەزیری بەرگیی ئیسرائیل دابنێت. "ڕۆی" بۆمبەکەی لە جانتایەکی شیندا وەرگرتووە و گواستوویەتەوە بۆ نزیک ماڵی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و لە بەرانبەر ئەم کارەش دا دراوی دیجیتاڵیی وەرگرتووە.
کەناڵ 12ی ئیسرائیل ئاشکراشی کردووە، پلانەکە وا بووە لە کاتی تێپەڕینی وەزیری بەرگری بەم شوێنەدا، بۆمبەکە بتەقێنرێتەوە. سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەڵێن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جێبەجێکردنی ئەم پلانەدا زۆر لە سەرکەوتن نزیک ببووەوە بەڵام پلانەکە پووچەڵ کراوەتەوە.
"ماعور گورون" سەرۆکی یەکەی هەواڵگریی پۆلیسی ئیسرائیل سەبارەت بەم دۆسیەیە راگەیاندووە: لە ماوەی جەنگدا زۆر جار ئێرانییەکان بە هۆی ئەو دیمەنانەی لە ڕێگای سیخوڕەکانیانەوە لە شوێنە جیاوازەکانی ئیسرائیل گیرابوون، ئامانجەکانی خۆیان دەستنیشان کردووە و پلانی تیرۆرکردنی وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش تەنیا یەکێک لە چەندین پلانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەئەمانجگرتنی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بووە.
لە ڕاپۆرتەکەی کەناڵ 12ی ئیسرائیلدا ڕوونیش کراوەتەوە، "رۆی میزراهی" لە ڕێگای تلگرامەوە لەگەڵ دوو کەسی ئێرانی لە پەیوەندیدا بووە و ڤیدیۆی شوێنە گرینگەکانی ئیسرائیل، وەک بنکەی سەرەکیی شاباک(دامەزراوەی ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل) و بورجەکانی عەزریلی لە تەلئەبیبی بۆ ئێرانییەکان ناردووە.
ئەو گەنجە ئیسرائیلییە لە هەوڵێکی دیکەدا پیشنیازی پێ کراوە لە بەرانبەر وەرگرتنی یەک ملیۆن دۆلاردا، زانایاکی دامەزراوەی زانستیی وایزمەن تیرۆر بکات. بەڵام کاتێک ئێرانییەکان ئامادە نەبوون پێشەکی نیوەی پارەکەی بدەنێ، فەرمانەکەی جێبەجێ نەکردووە.
"ڕۆی میزراهی" لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە، بە "هاوکاریکردنی دوژمن لە کاتی جەنگدا" تۆمەتبار کراوە و دۆسیەکەی دراوەتە دادگا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.