گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵیت، لە دوایین ئاماردا دەردەکەوێت ژمارەی کوژراوانی زیندانی ئێڤین بەهۆی هێرشەکەی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل گەیشتووەتە 71 کەس.
رۆژی یەکشەممە 29ـی حوزەیران، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە چاوپیکەوتنێکی میدیاییدا رایگەیاند: "لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا ستافی ئیدارەی زیندانەکە، سەرباز، سزادراوان و خێزانەکانیان کە بۆ سەردانیان هاتبوون، کوژراون".
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت؛ ئەو شوێنەی مووشەکەکەی بەرکەوتووە، هۆڵی سەردانکەران و ئیدارەی زیندانەکە بووە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لەو هاونیشتمانییانەی بۆ سەردانی گیراوان یان بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانیان هاتبوون، گیانیان لەدەستداوە.
دوو رۆژ بەر لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران، فڕۆکە شەرکەرەکانی ئیسرائیل دەرگای پێشەوەی زیندانی ئێڤینیان کردە ئامانج و ئەوەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی حکوومەت لە رێوشوێنێکی توندی ئەمنیدا گیراوەکان بگوازێتەوە زیندانەکانی دیکەی تاران.
زیندانی ئێڤین لە تاران یەک لە زیندانە هەرە بەناوبانگەکانی ئێرانە و تێیدا سزادراوانی سیاسیی و چالاکانی ئەو وڵاتە رادەگیرێن. بەشی زۆری ئەو گیراوانەی لەم زیندانەن، سزای لە سێدارەدان یان زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.