کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەی نیشتمانیی تەندروستیی دەروونی لە هەولێر لە قۆناغی کۆتایی دایە، کە بە ستانداردی جیهانی دروست دەکرێت و توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 200 نەخۆشی هەیە، کە پشکی شێر بۆ ئافرەتانە.
ئەمڕۆ شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەریی موسا ئەحمەد، سهرۆكى دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و تەندروستیی پارێزگاکە و خێرخواز دکتۆر عوسمان نانەکەلی کە دروست کردنی نەخۆشخانەکەی لە ئەستۆ گرتووە، قۆناغی کۆتایی کارەکانی نەخۆشخانەی نیشتمانیی تەندروستیی دەروونیان لە شاری هەولێر بەسەرکردەوە.
نەخۆشخانەکە لەسەر رووبەری 35 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە و لە شەش باڵەخانەی سەرەکی بۆ چارەسەر، باڵەخانەیەکی کارگێڕی و یەکێکی دیکەی خزمەتگوزاری پێکدێت. باڵەخانەکان تایبەتکراون بە چارەسەری کورتخایەن و درێژخایەن بۆ پیاوان و ئافرەتان بە جیا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە خێرخواز دکتۆر "عوسمان نانەکەلی" و تیمەکانی جێبەجێکار کرد و رایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانیی تەواو بۆ ئەو سەرمایەدار و خێرخوازانە دەکات کە دەیانەوێت لە رێگەی پڕۆژەی خێرخوازییەوە خزمەتی هاووڵاتییان بکەن.
نەخۆشخانەکە بە ستانداردی جیهانی دروستدەکرێت و 60٪ـی رووبەرەکەی بۆ سەوزایی تەرخانکراوە، بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکەی لەسەر باری دەروونیی نەخۆشەکان.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.