Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 02:36

زانایانی بەریتانیا پڕۆژەیەکی دروستکردنی جینۆمی مرۆڤیان راگەیاند

کوردستان TV
100%

زانایانی بەریتانیا دەستیان بە پڕۆژەیەکی زانستیی پێشەنگ کردووە کە ئامانج لێی دروستکردنی جینۆمی مرۆڤە لە سفرەوە لەناو تاقیگەدا.

 

زانایانی بەریتانیا پڕۆژەیەکی گەورەیان بۆ دروستکردنی جینۆمی مرۆڤ لە سفرەوە راگەیاند ئەم هەنگاوە بە ئامانجی تێگەیشتنێکی قووڵترە لە میکانیزمەکانی کاری ترشی ناوکی (DNA) و کردنەوەی ئاسۆی نوێیە بۆ پەرەپێدانی چارەسەری نوێ بۆ نەخۆشییە درێژخایەن و سەختەکان.

پڕۆژەکە ناوی "جینۆمی مرۆڤی دەستکرد" (SynHG)ـی لێنراوە و ئامانجێکی گەورەی هەیە بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیایەک کە بتوانێت زنجیرە درێژەکانی کۆدی بۆماوەیی مرۆڤ دروست بکات و دواتر بیخاتە ناو خانە زیندووەکانەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە شێوازی کارکردن و کارلێکەکانیان.

توێژەران هیوادارن کە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم پڕۆژەیە ڕێگە خۆش بکات بۆ نەوەیەکی نوێ لە چارەسەری ڕیشەیی، وەک دروستکردنی خانەی مرۆڤ کە بەرگرییان هەبێت لە بەرامبەر هێرشەکانی کۆئەندامی بەرگری یان ڤایرۆسە ئاڵۆزەکان.

ئەمەش دەکرێت دەرگا بکاتەوە بۆ چاندنیان لە جەستەی ئەو نەخۆشانەی کە بەدەست نەخۆشییەکانی بەرگریی خۆکار (ئۆتۆئیمیون) یان زیانی درێژخایەنی جگەرەوە دەناڵێنن کە بەهۆی هەوکردنی ڤایرۆسییەوە دروست بووە.

پرۆفیسۆر جەیسن چین، سەرۆکی پڕۆژەکە لە تاقیگەی بایۆلۆجیی گەردیلەیی سەر بە ئەنجوومەنی توێژینەوەی پزیشکی (MRC) لە شاری کامبریج، گوتی: "ئەو زانست و زانیارییەی کە لە دروستکردنی جینۆمی مرۆڤەوە بەدەستی دەهێنین، دەکرێت راستەوخۆ سوودی هەبێت بۆ پەرەپێدانی چارەسەر بۆ نزیکەی هەموو جۆرە نەخۆشییەک".

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.