لە سنووری پارێزگای دیالە منداڵێک بەهۆی کاریگەرییەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەست دا، ئەمە دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە بەو نەخۆشییە لە پارێزگاكە تۆمار دەکرێت لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی حوزەیران، منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان کە دانیشتووی یەکێک لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی شارەدێی عوزێمە لە باکوری دیالە، بەهۆی کاریگەرییەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستداوە.
ئەمە دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سنووری پارێزگای دیالە تۆمار کرابێت.
هەروەها حەوت حاڵەتی گوماناویی تری نەخۆشییەکەیە كە لە ناوچە جیاجیاکان تۆمار کراوە و نموونەیان لێ وەرگیراوە و بۆ شیکاری و دڵنیابوونەوە لە تووشبوون یان نەبوونیان رەوانەی تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا کراوە.
لەهەمانکاتدا، تیمەکانی ڤێتێرنەری بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەندروستیی دیالە، کۆمەڵێک رێکاری خۆپارێزییان گرتووەتە بەر، کە وەرگرتنی نموونە لە کەسوکاری منداڵە کۆچکردووەکە دەگرێتەوە، سەرباری دەرمانڕێژکردنی ماڵەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، وەک رێکارێکی پێشوەختە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.