عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی خۆیدا پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕایگەیاند: "ڕژێمی زایۆنی، لە ژێر گورزەکانی ئێراندا لە پێ کەوت".
لەم پەیامەدا کە سێهەم پەیامی ڤیدیۆیی خامنەیی لە پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانە، خامنەیی ڕایگەیاندووە: "بە بۆنەی سەرکەوتن بەسەر ڕژێمی دەستکردنی زایۆنییەوە پیرۆبایی لە گەلی ئێران دەکەم. بەم هەموو هاتوهاوار و بانگەشەیەوە ڕژێمی زایۆنی لە ژێر گورزەکانی ئێمەدا لە پێ کەوت."
لە پەیامەکەی خامنەییدا هاتووە: "هێزە چەکدارەکانی ئێمە توانییان بەسەر بەرگرییە چەند چینە پێشکەوتووەکەی ئیسرائیلدا تێپەڕن و زۆرێک لە ناوچە شاری و سەربازییەکانیان بخەنە ژێر فشاری مووشەکەکانیانەوە و بە هێرشی بەهێزی چەکە پێشکەوتووەکانیان، لەگەڵ زەوی تەختیان کردن!"
بە گوتەی خامنەیی: "ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنی دەبێ بزانێت دەستدرێژیکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تێچووی بۆی دەبێت و تێچووی قورسی بۆ دروست دەکات."
خامنەیی لەو پەیامەیدا باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم جەنگەدا بەسەر ئەمریکاشدا سەر کەوتوو و دەڵێ: "ئەمریکا ڕاستەوخۆ هاتە ناو جەنگەکەوە لەبەر ئەوەی پێی وابوو ئەگەر دەستوەردان نەکات، ئیسرائیل بە تەواوی لەناو دەچێت؛ هاتە ناو جەنگەکەوە بۆ ئەوەی ڕزگاری بکات بەڵام هیچ دەسکەوتێکی لەم شەڕەدا نەبوو."
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەتی کردووەتەوە کە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کاریگەریی هەبووبێ و دەڵێ: نەیانتوانی بەو ئامانجەی هەیانبوو بگەن و قسەکانی سەرۆکی ئەمریکاش لەمبارەیەوە زێدەڕۆیی پێوە دیار بوو. "
خامنەیی ڕاگەیاندووە: " ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەستی بە ناوەندە گرنگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بگات و هەر کاتێک بە پێویستی بزانیت دژیان بجووڵێتەوە، ئەمە ڕووداوێکی بچووک نییە، ڕووداوێکی گەورەیە و لە داهاتووشدا ئەم ڕووداوە دووبارە دەبێتەوە؛ لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەکدا، بێگومان تێچووی دوژمن و دەستدرێژیکەر، تێچوویەکی بەرز دەبێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.