یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا سەبارەت بە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت، هۆشدارییان دایە ئێران.
ئەمرۆ دووشەممە، 23ـی حوزەیران، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتیی ئەوروپا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئەم هەنگاوەی بە "زۆر مەترسیدار" ناوبرد کە "لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە|.
پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە، کالاس، نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز دەربڕی و وتی: "نیگەرانییەکان لەبارەی وڵامدانەوەی ئێران و پەرەسەندنی ئەم جەنگە گەورەن، بەتایبەتی کە داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە کارێکی زۆر مەترسیدارە و لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە.
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران،دوێنێ یەکشەممە، 22ـی حوزەیران، بڵاوی کردەوە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڕیاری کۆتایی لەسەر داخستنی گەرووی هورمز دەدات. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر پەرلەمانی ئێران پشتگیریی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕیوە.
گرنگیی ستراتیژیی گەرووی هورمز
گەرووی هورمز بە یەکێک لە خاڵە ستراتیژییە هەرە گرنگەکانی جیهان بەتایبەت لە بواری وزەدا، دادەنرێت لەبەر ئەوەی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی کۆی نەوتی بەکارهێنراوی جیهان بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "ڤۆرتێکسا"، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ تا مانگی ڕابردوو، ڕۆژانە بڕی نێوان ١٧.٨ ملیۆن بۆ ٢٠.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو، شلەمەنییەکان و بەرهەمە نەوتییەکان، بە گەرووەکەدا گوازراونەتەوە، ئەمەش گرنگیی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهان دەردەخات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.