Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 08:45

حەج و عومرەی کوردستان هۆشداریی توند دەداتە کۆمپانیاکان

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومرە کرد و رایگەیاند، هەر کۆمپانیایەک پێش وادەی فەرمی، بانگەشە و ریکلام بۆ گەشتەکانی عومرە بکات، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێڕی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لە راگەیێندراوێکدا دووپاتی کردەوە هیچ کۆمپانیایەک بۆی نییە تاکلایەنانە وادەی گەشتەکانی عومرە رابگەیێنێت و بانگەشەی بۆ بکات، تاوەکوو بەڕێوەبەرایەتییەکە بە شێوەیەکی فەرمی وادەی دەستپێکی وەرزی عومرە دیاری دەکات.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەروەکوو لە بەرواری 11/5/2025 و پێش دەستپێکی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ بە نووسراوی فەرمی هەموو کۆمپانیاکانمان ئاگادار کردبووەوە، نابێت هیچ کۆمپانیایەک رێکلام و بانگەشە بۆ گەشتی عومرە بکات."

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆ وەرزی ئەمساڵی عومرە، بە پلانێکی توکمە و بە بەرنامەیەکی تازە و ڕێنمایی نوێ دەرگای پێشکەشکردن بە ڕووی کۆمپانیاکاندا دەکاتەوە و داوا دەکات هەموو لایەک پابەند بن.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هۆشداریی توند دراوە و هاتووە: "بە پێویستی دەزانین ئاگاداری کۆمپانیاکان بکەینەوە کە خۆیان لە رێکلامکردن و دەستنیشانکردنی وادەی عومرە بەدوور بگرن، هەر کەس و کۆمپانیایەکیش سەرپێچی بکات، ئەوا ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێڕی دەبێتەوە."

ئەم ئاگادارییە بۆ سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەیە کە مۆڵەتی فەرمییان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.