Erbil 31°C دووشەممە 29 حوزەیران 09:41

دهۆک.. 85٪ی پرۆژەیەکی ستراتیژیی کشتوکاڵی تەواو کراوە

کوردستان TV
100%

پرۆژەی ستراتیژیی "کاڤین گرین هاوس" بۆ وەرگرتن و کۆگاکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگای دهۆک، کە بە گوژمەی 60 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، 85٪ی کارەکانی تەواو بووە و بە یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی کەرتی تایبەت بۆ پشتیوانیکردنی جووتیاران و ئاسایشی خۆراک دادەنرێ.

رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، خەلیل مەحموود، قایمەقامی قەزای سێمێل لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان لە پارێزگای دهۆک، سەردانی پرۆژەکەیان کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری قۆناغەکانی کۆتایی جێبەجێکردنی بوون.

پرۆژەی "کاڤین گرین هاوس" لەسەر رووبەری 577 هەزار مەتر دووجا بنیات نراوە و لە 100 کۆگای ساردکەرەوە، کارگەی جیاکردنەوە و پاکەتکردنی میوە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و هەروەها چاندنی زیاتر لە 200 هەزار نەمامی زەیتوون و چەندین جۆری سەوزەوات، پێکدێت. چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بنکەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە ناوچەکە.

قایمەقامی سێمێل لە میانی سەردانەکەدا رایگەیاند: "ئەم پرۆژەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق تاقانەیە و خزمەتێکی گەورە بە جووتیارانی ناوچەکە دەکات، بەتایبەتی لە بواری وەرگرتن، جیاکردنەوە و کۆگاکردنی میوە لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا."

هەروەها پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی پارێزگای بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە دووپات کردەوە کە جگە لە بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ، هەلی کار بۆ سەدان گەنجی ناوچەکەش دەڕەخسێنن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.