وەزارەتی دەرەوەی ئێسرائیل ڕایگەیاند لە نوێترین هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، نەخۆشخانەی سوروکا لە بیئرشوعی باشووری ئەم وڵاتە بە ئامانج گیراوە.
نەخۆشخانەکە هەزار قەرەوێڵەییە و خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ نزیک یەک ملیۆن کەس لە دانیشتووانی باشووری ئیسرائیل دابین دەکات.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلدا هاتووە، مووشەکێک ڕاستەوخۆ بەر نەخۆشخانەی سوروکا کەوتووە بەڵام باس لە ژمارەی قوربانییەکان و ڕێژەی زیانەکان نەکراوە. گوتەبێژی نەخۆشخانەکەش دەڵێ، بەشە جیاوازەکانی بینای نەخۆشخانەکە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و ئێستا خەریکی خەمڵاندنی ڕادەی زیانەکانن. داواشی لە هاووڵاتییان کردووە سەردانی نەخۆشخانەکە نەکەن.
سوپای پاسدارانی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند مووشەکێکی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد و وەک سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردووەتەوە چوار مووشەک سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەم وڵاتەیان تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە خاکی ئیسرائیل.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.