ئاژانسی بلومبێرگ ڕایگەیاند بەرپرسانی باڵای ئەمریکا خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەوەی سوپای وڵاتەکەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا هێرش بکاتە سەر ئێران و واشنتۆن بۆ ئەم مەبەستە خەریکە پێداویستییەکانی چوونەناو جەنگەکە دابین دەکات.
بلومبێرگ بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ئاگادار دەڵێ پلانی ئەمریکا خەریکە دادەڕێژرێ و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و ڕەنگە گۆڕانی بەسەردا بێت؛ بەڵام ئەگەری زۆرە ئەم وڵاتە لە ڕۆژانی شەممە یا یەکشەممەی داهاتوو هێرشەکەی دەست پێ بکات. بە گوتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، ژمارەیەک لە دامەزراوە فیدراڵییەکانی ئەمریکاش خۆیان بۆ ئەم هێرشە ئامادە دەکەن.
ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە ئەمریکا کۆمەڵێک فرۆکە و کەشتیی جێگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەم ناوچەیە دوور خستووەتەوە کە گومان دەکرا ئێران لە وڵامی هێرشەکەی ئەمریکادا هێرشیان بکاتە سەر؛ ئەمەش بەشێک لە پلانی ئەمریکا بۆ پاراستنی هێزەکانی خۆیەتی.
چەند کاتژمێرێک پێشتر، ڕۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ ئاشکرای کردبوو، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانی هێرشکردنەسەر ئێرانی پەسند کردووە بەڵام بە هیوای ئەوەی ئێران ئامادە بێت بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی ڕابگرێت، جێبەجێکرانی پلانەکەی دواخستووە.
رۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمریکا بۆ دووهەم ڕۆژی یەک لەدوای یەک، لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆبووەوە. بەر لە کۆبوونەوەکەش سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردن بۆ سەر ئێران بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: "ڕەنگە ئەو کارە بکەم. ڕەنگە نەشیکەم. جارێ کەس نازانێ دەمهەوێ چ بکەم".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.