ناوەندی راگەیاندنی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرانی دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی راگەیاند و دەڵیت بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لە دەست داوە.
رۆژی شەممە 14ـی حوزەیران، ناوەندی راگەیاندنی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بڵاویکردەوە؛ "بەهۆی هێرشەکانی رژێمی زایۆنی" سەردار غوڵامڕەزا میحرابی و سەردار مەهدی رەبانی، دوو لە بەرپرسانی باڵای دەستەی هێزە چەکدارەکان کوژران.
سەردار غوڵامڕەزا میحرابی جێگری فەرماندەی ئیتلاعاتی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوو و سەردار مەهدی رەبانیش جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بوو.
لە راگەیەنراوەکەی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا هیچ ئاماژەیەک بە کات و شوێنی کوژرانی ئەو دوو فەرماندەیەی سوپای ئێران نەدراوە، بەڵام لەدوای یەکەم هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە کە 20 فەرماندەی باڵای سەربازی ئێران لە هێرشەکەدا کوژراون.
ئێران تاوەکو ئێستا بە فەرمی کوژرانی حەوت فەرماندەی باڵا و دوو زانای ئەتۆمی وڵاتەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و راشیگەیاندووە کە عەلی شەمخانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی بریندارە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.