گوتەبێژی رێکخراوی ئەتۆمی ئێران دەڵێت، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی فەردۆ زیانی بە هەندێک بەشی گەیاندووە، بەڵام هیچ ئالودەبوونێکی تیشکی و کیمیایی لێ نەکەوتووەتەوە.
رۆژی شەممە 14ـی حوزەیران، بەهرۆز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند؛ "هێرشەکانی ئیسرائیل زیانی بە چەند بەشێکی بنکەی ئەتۆمی فەردۆ گەیاندووە، بەڵام نەبووەتە هۆی ئالودەبوونی تیشکی و کیمیایی".
ئەو گوتەبێژەی رێکخراوی ئەتۆمی ئێران دەڵیت؛ "بەر لە هێرشەکە بەشێک لە مادە و کەرەستەکانمان لە بنکەکە راگواستبوو بۆ شوێنی دیکە، بۆیە هێرشەکە هیچ ئالودەبوونێکی تیشکی یان کیمیایی دروست نەکردووە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بنکەی ئەتۆمی فەردۆ لە شاری قوم کە بە مەبەستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە قووڵایی 90 مەتری بەردەڵانێک لە 25 کیلۆمەتری قوم – تاران دروستکراوە.
ئێران بە نهێنی ئەو بنکە ئەتۆمییەی دروستکردبوو، بەڵام ساڵی 2009 لەلایەن دەزگای هەواڵگری هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و فەرەنسا ئاشکرا بوو. دوای ئاشکرابوونی ئەو بنکەیە رێکخراوی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند کە بۆ پاراستنی بنکەکە لە هێرشی ئاسمانی و هەروەها سەلامەتی خەڵک لە لێکەوتەکانی ئەو بنکە ئەتۆمییەی لە ژێر زەویدا دروستکردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.