گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵیت، بەردەوامبوونیان لە دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا "بێ مانایە" و ئەمریکا بە هاوبەشی ئیسرائیل دەزانێت لەو هێرشانەی کراوەتە سەریان.
رۆژی شەممە 14ـی حوزەیران، ئیسماعیل بەقایی لەبارەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا رایگەیاند؛ "دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لایەنی بەرامبەمان کارێکی کرد کە گفتوگۆکردن هیچ واتایەکی نەمێنێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەبێ ئەوەی ناوی ئەمەریکا بهێنێت گوتی؛ "ناکرێ هاوکات بانگەشە بۆ دانوستان بکەیت و لە لایەکی دیکەوە کارەکان دابەش بکەیت".
ئەمەریکا و ئێران پێنج گەڕی دانوستانیان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران ئەنجامداوە و هەفتەی رابردوو رایانگەیاندبوو رۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیران گەڕی شەشەمی هەڵبژاردنەکەیان لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئیسرائیل لە رێگەی ئاسمانییەوە هێرشی کردە سەر چەندین ناوەندی سەربازیی و ئەتۆمی ئێران و بەهۆیەوە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران، هاوکات ئێوارەی رۆژی هەینی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکان سەتان مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و تاوەکو ئێستا شەڕەکە بەردەوامە.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامانجی هێرشەکانی خستەڕوو و گوتی؛ "ئەو هێرشانە بۆ رێگریکردنی ئێرانە بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات و هاوکات ئامانجمان لێی ئیفلیجکردنی توانا مووشەکییەکانی تارانە، تا ئامانجەکەمان بە تەواوەتی نەپێکین، لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.