رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز "کۆمەڵێک بەشی ئەو دامەزراوەیە زیانی پێ گەیشتووە".
ئەو رێکخراوە دەڵیت؛ "تیمە تایبەتمەندەکان لە نەتەنز سەرقاڵی پشکنینن بۆ دەستنیشانکردنی قەبارەی زیانەکان و تاوەکو ئێستاش هیچ راپۆرتێکیشمان لەبارەی گیانلەدەستدانی کارمەندانی دامەزراوەکە پێ نەگەیشتووە".
رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە؛ بەهۆی بۆردومانەکانەوە هیچ ئالودەبوونێکی تیشکیی و کیمیایی روویان نەداوە".
هاوکات ئەو رێکخراوە لە راگەیەنراوەکەدا بە توندی رەخنە لە رافایل گرووسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەگرێت و دەڵیت؛ "لەدوای هێرشەکەوە تاوەکو ئێستا هیچ کردارێکی بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل نەنواندووە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند بنکەی ئەتۆمی و سیستمی بەرگریی و مووشەکی ئێران و هاوکات لە تاران ماڵی چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی و سیاسیی و زانای ئەتۆمی کردە ئامانج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.