بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانى چارەسەریى ئاو لە شاری هەولێر ئەنجام درا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.6.12، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر کۆبونەوەیەکی تایبەت بە کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانى چارەسەریى ئاو و بەدواداچوون لە دەرئەنجامى کارى پڕۆژەکانى فریاگوزاریى خێراى ئاوى هەولێر، بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناو شار، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری ئهنجام درا.
له کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى ههولێر تیشکى خستەسەر ئەو پلان و بەرنامەڕێژیی و پڕۆژانەى کە لە ساڵانى ڕابردوودا بەپاڵپشتی و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنى گرفتى کەمئاوى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون و توانراوە بە هۆیانەوە قۆناغى زۆر باش ببڕین و تاڕادەیەکى زۆر گرفت و کێشەکان چارەسەر بکرێت، لەوبارەیەشەوە دەستخۆشى لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و هەوڵ و ماندووبوونى بەرز نرخاندن.
پاشان، پارێزگارى هەولێر دواى بەدوا داچوون بۆ کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەی خێرای ئاوی هەولێر بە تۆڕە ناوخۆییەکانى ناوشار و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، باسی لە گرنگيی پرۆژەكان کرد بۆ شارى هەولێر و بوژانەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان، کە لە ئێستادا لە 78%ى کارەکانى پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و لە 90%ى کارەکانى بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناوشارى هەولێر تەواو بووە و لە سەرەتای تاکو ناوەڕاستى مانگی 7ى ئەمساڵ بەشێک لەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە نێوان شەقامی ڕەشکین و تاوەکو شەقامی کۆیە لە دەرەوەى شەقامى خێراى 120 مەترى، کە لە پێشتردا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دووچاری کەمئاوی هاتبوون، بەهۆى ئەو پڕۆژە ستراتیژییەوە ئاو دەگاتە گەڕەکەکانیان و کێشەی ئاویان نامێنێت.
سەبارەت بە پڕۆژەى ئاوى قوشتەپەش کە لە ئێستادا 40%ى کارەکانى کۆتایی هاتووە و بڕیارە لە مانگى 11ى ئەمساڵ بەکۆتابێت، پارێزگارى هەولێر خۆشحاڵيی خۆی نیشان دا کە پڕۆژەکان بەگشتى قۆناغى باشیان بڕیووە و لەم نزیکانە چارەسەرى بە شێکى زۆى کێشە و گرفتەکانى ئاو دەکات.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر جگە لە دووپاتکردنەوەى دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ ئەو بیرانەى ئاوی پاکى ماڵان، کە کارەبای گەڕەکەکانیان نەبۆتە 24 کاتژمێرى، هەروەها بۆ ئەو گەڕەکانەى کێشە و گرفتى کەمئاویان هەیە قەیرانەکانى پارێزگاى ڕاسپارد لە ڕێگەى تەنکەر ئاویان بۆ دابین بکرێت، لە ئەگەرى کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاویش، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ڕاسپارد لە ئامادەباشی تەواودابن و لە خێراترین کاتدا چارهسهری کێشە و گرفتەکان بکرێت.
پاشان پارێزگاری هەولێر دووبارە تەئکیدی کردەوە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر نابێت کەمترین گرفت و کێشەی کەمی ئاو هەبێت.
بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەى کەموکوڕییە تەکنیکییەکان و چارهسهركردنى گرفت و کێشەکان و پاککردنەوەى ڕێڕەوى سەرچاوەى ئاوى ئاودێرى و کانیاوى گوندەکان، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: بۆ ئەو مانگەش لە سەر ڕەزامەندى مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕی ( 2 ملیار دینار)ی دیکە تەرخانکراوە وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردنى کەموکوڕى و گرفتەکان کە لە مانگى ڕابردووش بڕى (2 ملیار و 500 ملیۆن دینار) تەرخانکرابوون بۆ هەمان مەبەست، ئەو بودجەیەش تاکو بە کۆتاهاتنى پڕۆژەى فریاگوزارى خێراى ئاوى هەولێر بەردەوامى دەبێت.
لەوبارەیەشەوە جەختى له سهر خێڕاترکردنى هەنگاوەکانى لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە کە لە زووترین کاتدا ڕێکارى پێویست بگرنەبەرلە کەمکردنەوەی کێشەی ئاوی ماڵان.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.