رێكخراوی یونیسێفی جیهانی نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیووه به پێی ئاماره‌كانی كاركردن به منداڵانی خوار ته‌مه‌نی یاسایی له جیهاندا گه‌یشتۆته نزیكه‌ی 138 ملیۆن منداڵ .
ئه‌مڕۆ چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، رێكخراوی یونسێفی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویكردووه‌ته‌وه: لە ساڵی 2024 نزیکەی 138 ملیۆن منداڵ لە کێڵگە و کۆمپانییەکان له وڵاتانی جیهانی سێیه‌م کار دەکەن.
به نیگه‌رانییه‌وه راشیگه‌یاندووه: نه‌یانتوانیووه ئامانجی "دە " ساڵی رابردوویان بپێكن بۆ کۆتایی هێنان بە دیاردەی كاركردن به منداڵان.
رێكخراوی یونسێف به یاسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی وڵاتانی ناچاركردووه كه نابێت منداڵ له خوار ته‌مه‌نی یاسایی خۆی كاری قورسی پێبكرێت له كێڵگه كشتوكاڵییه‌كان و كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به كاری پیشه‌سازی.
رێكخراوی یونسێف راشكاوانه دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه: ساڵی ڕابردوو "2024" 137 ملیۆن و 600 هەزار منداڵ لە جیهان کە تەمەنیان لە نێوان 5 بۆ 17 ساڵ بووه بە ناچاری کاری سه‌ختییان پێكراوه.
هه‌ر له راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی یونسێفی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هاتووه: لە ساڵی 2000 نزیکەی 246 ملیۆن منداڵ بە ناچاری بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان له وڵاتانی هه‌ژار کاریان کردووە.
کاترین ڕوسیل، سەرۆکی رێكخراوی یونسێف لەو بارەیەوە رایگەیاندووه: لە ساڵانی رابردوودا هه‌وڵه‌كانمان له‌و پێناوه ئاكامی باشی هه‌بووه و پێشکەوتنی بەرچاو لە کەمکردنەوەی ژمارەی منداڵانی كاركه‌ر هەبووە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆریش لە کاردا بەردەوامن كه مایه‌ی نیگه‌رانی قووڵی ئێمه‌یه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.