رێباز حه‌ملان یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئابووری بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن گوتی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی دادگای فیدڕاڵی له سعوودیه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج، بۆیه ده‌ركردنی نووسراوی ئه‌مری وه‌لائی بۆ خه‌رجكردنی مووچه دواكه‌وتووه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 11ی حوزه‌یرانی 2025 رێباز حه‌ملان یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئابووری بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن رایگه‌یاند: چاوه‌ڕێین له‌م چه‌ند رۆژه‌ی داهاتوودا دادگای فیدڕاڵی ئه‌مری وه‌لائی ده‌ربكات و كێشه‌ی مووچه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان یه‌كلایی بكاته‌وه كه مافێكی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستانه.
راشیگه‌یاند: له ئێستادا هه‌ولێر و به‌غدا چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی دادگای فیدڕاڵین كه له چه‌ند رۆژی داهاتوودا بڕیار له خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بدات، دواتر گفتوگۆ و دانیشتنی جددی و یه‌كلاكه‌ره‌وه بكرێت له‌نێوان هه‌ردوولا بۆ قسه كردن له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه له به‌رواری 1-2-2025 ی ئه‌مساڵ كراوه له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به رێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
رێباز حه‌ملان له‌میانی قسه‌كانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌موو ئیلتیزاماته‌كانی سه‌ر شانی به‌رامبه‌ر به‌غدا جێبه‌جێ كردووه، له پاككردنه‌وه‌ی لیستی مووچه ، ئاماده‌كردنی میزان موراجه‌عه له كاتی خۆی ، ته‌سلیمكردنی داهاتی نا نه‌وتی به پێی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی كه عێراق خۆی په‌سندی كردووه.
هه‌روه‌ها رێباز حه‌ملان رایگه‌یاند: به پێی رێككه‌وتنه‌كان كه وه‌زیری دارایی عێراق و سه‌رۆكوه‌زیران بریاریان له‌باره‌وه داوه بۆ ساڵی 2025 ، شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی عێراق 13 تریلیۆن و 334 میلیار دینار بووه ، كه‌چی ئێستا سێ تریلیۆن و 834 ملیار دینار له پاره‌ی دیاریكراو بۆ هه‌رێم خه‌رجكراوه ، كه‌چی ده‌ڵێن ته‌خسیستان ته‌واو بووه به‌بێ هه‌بوونی هیچ پاساوێكی شه‌رعی و یاسایی و ئیداریی.
له دوماهی قسه‌كانیدا زیاتر گوتی : زه‌ختێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان هه‌یه له‌سه‌ر به‌غدا كه ده‌بێت هه‌رچی زووه بابه‌تی مووچه چاره‌سه‌ر بكه‌ن و خودی مه‌سرور بارزانیش وه‌كو سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم به ڕژدی له‌سه‌ر هێڵه ، به‌هیواین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئه‌نجامی باش و دڵخۆشكه‌ری هه‌بێت بۆ خه‌ڵكی كوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.