Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 11:59

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی كەریم شنگالی

کوردستان TV
100%

سەرۆك بارزانی پەیامێكی سەرەخۆشی بۆ كۆچی دوایی تێكۆشەر و كەسایەتی خەباتگێڕ و نیشتمانپەروەری كوردستان، كەریم شنگالی بڵاو كردەوە.

سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەدا رایگەیاند "كەریم شنگالی پێشمەرگەی ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بوو، بۆ منیش وەک هەڤاڵێکی نزیک و هاوڕێی ڕێگەی خەبات بوو".

سەرۆك بارزانی هەر لە پەیامەكەدا رایگەیاند " لەدەستدانی كەریم شنگالی كۆستێكی گەورەیە".

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی كەریم شنگالی:-

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەداخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025 تێكۆشەر و كەسایەتیی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەری گەلەكەمان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەریم شنگالی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە یەكێك لە كادیرە لێهاتوو و ماندوونەناسەكانی پارتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بووە و لە دەستپێک و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا فەرماندەیەکی چالاک و سەرەکی بووە و هەروەها لە سەردەمی خەباتی شاخ و لەدوای ڕاپەڕین و لە كاروباری سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسیدا ئەركەكانی خۆی دڵسۆزانە و زۆر بەباشی بەجێ گەیاندووە.

خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی پێشمەرگەی ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بوو. بۆ منیش وەک هەڤاڵێکی نزیک و هاوڕێی ڕێگەی خەبات بوو و تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان تەرخان كرد و لەدەست دانی كۆستێكی گەورەیە.

سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و كەسوكار و هەڤاڵانی كەریم شنگالی و سەركردایەتیی و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەموو شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی كوردستان دەكەم.

لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیه راجعون

مسعود بارزانی

10ـی حوزەیرانی 2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.