Erbil 31°C ھەینی 26 حوزەیران 04:06

به‌هجه‌ت عه‌لی نامه‌یه‌ك بۆ قەیس خەزعەلی ده‌نووسێت

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 7ی حوزه‌یرانی 2025 له‌ دووه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزدا، به‌هجه‌ت عه‌لی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر قسه‌ ناڕه‌واكانی ئه‌م دواییه‌ی قه‌یس خه‌زعه‌لی، له‌ والی خۆی له‌ فه‌یس بووك به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی نامه‌یه‌كی نووسیووه‌ سه‌باره‌ت به‌و پێدرێژی و ناحه‌قییه‌ی به‌رامبه‌ر مافی خه‌ڵكی كوردستان لێره‌و له‌وێ له‌ میدیا عێراقییه‌كان ده‌یكات ئه‌وه‌ش ده‌قی نامه‌كه‌یه‌تی..

من نوێنەرێكی هەڵبژێردراوی كوردستانم، زۆر بە ڕوونی پێت دەڵێم تۆ لەبەر ئەو هۆکارانە لەو پێگەیە نی و مافی ئەوەت نیە قسە لەسەر خەڵكی كوردستان و تەنانەت قسە لەسەر چارەنووسی عێراقیشدا بكەی.

لە نوێژی قوربانیشدا نەتوانی ژەهری ڕق و دوژمنایەتی خۆت لەبەرانبەر كوردستان بشاریەوە و دیسان قسەی ناڕەوات كردبوو. لە قسەكانتدا گوتبووت كوردەكان باوەڕیان بە یەكگرتوویی عێراق نیە. دوای 2003 ئێوە لەسەر شانی كورد هاتنە سەر حوكم، كورد هەموو هەوڵی خۆیدا بۆ ئەوەی پێكەوەژیان هەبێت و عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی، دابمەزرێت و مافی هاووڵاتیبوونی تێدا بچەسپێت، بەڵام ئەوە ئێوەن بوون بڕواتان بە فیدرالیەت و دەستوور و دیموكراتیەت نەبوو و نیە و هەموو هەوڵێكتان لەپێناو ئەوەیە دیكتاتۆریەت و شۆڤینیەتی تایفی لە عێراقدا بەرپا بكەن.

ئەوەی بڕوای بە عێراق نیە و لە خەمی عێراق نیە لە ڕاستیدا تۆ و هاوشێوەكانی تۆن. ئێوەن هیچ مانایەكتان بۆ سەروەریی عێراق نەهێشتۆتەوە و چارەنووسی عێراقتان بەستۆتەوە بە ئەجێندای تایفی و ئیقلیمی و دەرەكی و هیچ نرخێكتان بۆ عێراقیبوون نەهێشتۆتەوە.

تۆ و هاوشێوەكانت مافی قسەكردنتان لەسەر چارەنووسی عێراق نیە چونكە بڕواتان بە هاووڵاتیبوون و دەنگی گەنجانی خێرلەخۆنەدیوی عێراقی نیە. گەلی عێراق لەبیری نەچووە قەناسبەدەست و چەكدارانی ئێوە بوون سەدان گەنجی بێتاوانی عێراقییان كە لەدەست زوڵمی ئێوە ڕاپەڕیبوون خەڵتانی خوێنتان كرد و شەهیدتان كرد.

لەو پێگەیە نین كە قسە لەسەر چارەنووس و شێوەی دەوڵەت بكەن چونكە تاڵانچی و قاچاقچین. هەموو خەڵك باش دەزانن كە چیتان كردووە و چ بەڵایەكتان بەسەر باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا هێناوە.

بۆ ئەوەی ڕاستیەكان باشتر بۆ خەڵكی عێراق ڕوون ببێتەوە، پێشنیار دەكەین لایەنێكی سەربەخۆ و بە وێژدان بێت و بەراوردێك بكات لەنێوان كارەكانی ئێوە و دەستكەوتەكانی كوردستان بۆ ئەوەی ئیسپات ببێ كە كێ لەسەر هەقە، بۆ ئەوەی ڕوون بێێتەوە كە كێ نەوت و سامانی عێراقی تاڵان و هەڕاج كردووە و كێ ژیانی لە هاووڵاتیان تاڵ كردووە و كێ بڕوای بە عێراق نیە.

خاڵێكی تریش دەمەوێ باس بكەم و ئاوێزەی گوێت بكە: تۆ و هاوشێوەكانت كە دوژمنایەتیی گەلی كوردستان دەكەن و دەتانەوێ سۆزی ڕای گشتیی عەرەبی بە چەواشەكاری بە دەست بێنن، بۆتان نیە قسە بكەن، چونكە نوێنەری خەڵك نین، ئێوە دۆڕاوی هەڵبژاردن بوون و بەهۆی بارودۆخێكی تایبەت و پاشەكشەی براوەكانی هەڵبژاردن وەك (بدل الضائع) هاتنە سەر حوكم. پاشان بە شێوەیەكی ناڕەوا خۆتان بەسەر سەروەت و سامان و چارەنووسی خەڵكی عێراقدا سەپاند و وا خەیاڵت كردووە دەتوانی بەمشێوەیە حوكمی كوردستانیش بكەی؟ باش بزانە لەتۆ زۆر بەهێزتر و دیكتاتۆرتر خۆیان لەدژی كوردستان تاقی كردەوە بەڵام هەموو جیهان دەزانێ چییان بەسەر هات و چارەنووسیان چیی بوو.

 

بەهجەت عەلی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

7ی حوزه‌یرانی 2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.