كه‌مال كه‌ركوكی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌میانی بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامی جه‌ژنه پیرۆزه‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان رایگه‌یاندووه: گەلی کوردستان ڕووبەڕووی سیاسەتی نوێی ستەمکارانە بووه‌ته‌وه و بەغدا بە ئەنقەست قەیران دروست دەکات، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ دەستوور و میکانیزمە یاسایی و دامەزراوەییەکان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەكاندا.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 6ی حوزه‌یرانی 2025 لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، د. کەمال کەرکووکی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە، لە پەیامەكەیدا پرسی بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی باس كردووه و رایگه‌یاندووه: به‌غدا مۆدێلێكی تازه له سته‌م كردن به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستانی گرتووه‌ته به‌ر به‌بێ رێزگرتن له ده‌ستوور و سه‌روه‌ری دامه‌زراوه یاساییه‌كانی وڵات.
كەمال كەركووكی لە پەیامەكەیدا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌دا كه ناوچه‌كه پێیدا ده‌ڕوات بۆ ئێمه مایه‌ی شۆك بوون بوو، چۆن به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ره‌هه‌ندی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی به‌غدا ئه‌و بڕیاره سته‌مكارانه‌یه‌ی دا دژی خه‌ڵكی كوردستان.
كه‌مال كه‌ركوكی راشیگه‌یاندووه: ئەوەی ڕوونە ئه‌وه‌یه ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دوورخستنەوەی سەرنجە لەو گه‌نده‌ڵی و ئاڵنگارییە جەوهەرییانەی ئێستا هاتۆته به‌رده‌م بەردەم حکوومەتی عێراق لە بواری خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و دۆسیەکانی گەندەڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتیی وڵات.
كه‌مال كەركووكی دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه: بەغدا بە ئەنقەست قەیران دروست دەكات، لەجیاتی گەڕانەوە بۆ دەستوور و میکانیزمە یاسایی و دامەزراوەییەکان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا، ئه‌گه‌ر به‌راستی راست ده‌كه‌ن ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ی پسپۆڕه‌وه بێن و به‌نیه‌تێكی باش بابه‌ته‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن نه‌ك سزادانی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی كوردستان له‌ڕێگه‌ی بڕینی مووچه‌وه كه مافی سه‌ره‌تایی خه‌ڵكه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.