بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان و گرتنەبەری رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان، له یهكهم رۆژی جهژنی قورباندا ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر لهگهڵ تیمێكی پسپۆڕ، گۆشتگهی هاوچهرخی ههولێری بهركردهوه.
ئەمڕۆ هەینی 2025.6.6، لە یەکەمین ڕۆژی جەژنی قوربان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و گرتنەبەری رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان و پاراستنی هاوڵاتییان لە مەترسی تای خوێن بەربوون، بە یاوەری موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ئێرمان تۆپچوو، کونسڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێری بەسەرکردەوە.
پارێزگاری هەولێر لە بەسەرکردنەوەکەیدا، دوای ئەوەی لە نزیکەوە بەشەکانی گۆشتگەی بەسەرکردەوە، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و پزیشکانی ڤێتەرنەری و تیمەکانی تەندروستی و ستاف و کارمەند و کرێکارانی کرد، کە بەمیکانیزمێکی گونجاو و بەڕەچاوکردنی دۆخی تەندروستی و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان کارەکانیان ئەنجامدەدەن.
پاشان پارێزگاری هەولێر، وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز، سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سوری تورکی و هەموو ئەو هاوڵاتی و کەس و لایەنانە بەڕێزانەی کرد کە ئەمڕۆ بەشداربوون لە کردنە قوربانی سەدان ئاژەڵ لە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر و دابەشکردنی خێزانە کەم دەرامەت و هەژارنشینەکانی شارەکەمان.
دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەس و لایەن و هاوڵاتیانەش کرد، بەڕەچاوکردنی دۆخی تەندروستی و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی مەترسی نەخۆشی تای خوێن بەربوون و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی تەندروستی خۆیان و هاوشارانیان پابەندی ڕێنماییەکان بوون و لەگۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر قوربانیەکانیان ئەنجامدا.


کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.