بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی روونکردنەوە لەبارەی 3٪ـی لێبڕینی خانەنشینی دەدات و دەڵێت؛ "لێبڕینی خانەنشینی هیچ پەیوەندییەکی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داراییەوە نییە و بەڵکو لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارە جێبەجێکراوە".
شەوی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا روونکردنەوەی لەبارەی لێبڕینی خانەنشینی بە رێژەی 3٪ بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "ئەو لێبڕینە مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گل دەدرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو سندوقی خانەنشینی یەکگرتووی حکوومەتی فیدراڵەوە".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە؛ "لێرەو لەوێ لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی پۆپۆلیست و کەسانی بەناو ڕەخنەگری بێ ئاگا کە لەسەر هەموو شت قسە دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکیان لەو بابەتانەدا هەبێت چەندین بوختان و چەواشەکارییان لەسەر ناوەرۆکی گشاندنەکە بڵاوکردۆتەوە".
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "لەپێناو ئەوەی چی تر ڕای گشتی بەلاڕێدا نەبرێت" لە پێنج بڕگەدا "راستیی بابەتەکە" بڵاوکراوەتەوە و نووسراوە؛ "دوای بەرکاربوونی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014 لە هەرێمی کوردستان بەپێی بریاری ژمارە 259 لە 2024/7/3 و سەپاندنی ڕێژەی 10٪ لێبڕینی خانەنشینی توقیفات التقاعدیە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەمەش ڕێژەی 3٪ لێبڕینی خانەنشینی لە ڕێکەوتی 2014/1/1 تا 2024/6/30 وەکوو قەرز تۆمار دەکرێت لەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان کە بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بەژمارە 19100 لە ڕێکەوتی 2025/5/8 کە ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغداد کراوە و تیایدا کۆنوسی لیژنەی کۆتایی لە ڕێکەوتی 2025/3/9 هاوپێچ کراوە ئەم لێبڕینەی سەپاندووە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە ڕێکەوتی 2025/6/1 لێبڕینەکە لە مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە".
وەزارەتی دارایی دەڵێت؛ "ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکوو لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و خودی وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارە جێبەجێ کراوە".
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری "لەمانگی شوباتەوە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ هەوڵیداوە ئەو لێبڕینە جێبەجێ بکات و بەماوەیەکی کورتیش پارەکە وەربگرێتەوە، بەڵام بەهەوڵی تیمەکانی وەزارەتمان ماوەی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە درێژ کرایەوەو چەند مانگێکیش جێبەجێکردنەکەی دواخرا، کە هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەو لێبڕینەی کردبووە یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی تەمویلی مووچە".
لەبارەی هۆکاری لێبڕینەکەش وەزارەتی دارایی روونیکردووەتەوە؛ "چۆن جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بۆتە هۆی سودمەندبوونی سەدان هەزار خانەنشین و فەرمانبەر کە لە داهاتودا بەم یاسایە خانەنشین دەبن، دەبێت ئەو پابەندییەش جێبەجێ بکرێت کە بریتییە لە دانەوەی ئەو جیاوازی لێبڕینە کە لایەنێکی تری یاساکەیە".
بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری نایشارێتەوە کە؛ "ئەم لێبڕینی 3٪ـیە، کە مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گل دەدرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو سندوقی خانەنشینی یەکگرتووی حکوومەتی فیدراڵەوە" و دەشڵێت؛ "جێبەجێکردنی ئەو لێبڕینی خانەنشینییە یەکێک بوو لە تێبینییەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرکاربونی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و ناردنی تەمویلی مووچەی مانگانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە"
لە کۆتای روونکردنەوەکەدا بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی رایگەیاندووە؛ "وەڵامی پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کورستان لە پەرلەمانی عێراق "دارا سێکانیانی" و هاوشێوەکانی و ئەو کەس و لایەنانەی کوێرانە بوختانیان بۆ حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان کردووە لەم بابەتەدا بەم ئایەتە پیرۆزە دەدەینەوە "يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.