سەبارەت بە هەڵوێست وەرگرتنی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان دژی بڕیارەكەی وەزیری دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچە، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە ئەوان چاوەڕێی وەڵامی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن، جەختیشی كردەوە كە ئێستا كاتی هەڵوێست وەرگرتنی جدییە.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی "ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ لەگەڵ خوشک و برایانم لە سەرۆکی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی بڕیاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەسوپاسەوە وەکو هەمیشە بە یەک دەنگ کۆمەڵێک بڕیار درا".
گوتیشی "گرنگترین بڕیارەكان بریتی بوون لە ئاراستەکردنی نووسراوێک بۆ سەرۆک وەزیران لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەق بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەکرێت كە چووەتە خانەی برسیکردنەوە".
هەروەها رایگەیاند "داواشمان کردووە ئەو پێشێلکارییانە رابگرێت و مووچە ڕەوانە بکات و کێشەکان لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت و چیتر مووچە وەکو کارتی سیاسی بەکار نەهێنرێت لە دژی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".
شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەشی دا "بەهەمانشێوە داوامان لە سەرۆک کۆمار و وەزیرە کوردەكان کردووە هەڵوێستی ڕوونیان لەمبارەیەوە بخەنەڕوو".
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتیشی "هەڵوێستی دواترمان بەندە بەشێوازی وەڵامدانەوەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەو داوایەی ئێمە".
سەبارەت بە بابەتی کشانەوە یاخود بایکۆتكردن لە بەغدا، شاخەوان عەبدوڵا گوتی "چەند جارێک داوامان کردووە ئەو بڕیارە بدرێت، بەڵام هەمیشە بوار بە گفتوگۆ دراوە و ئومێد وابووە کێشەکان چارەسەر بكرێت، هەر کاتێكیش بڕیاری بایکۆت یان پاشەکشە یان هەر بڕیارێکی تر دەربچێت، ئێمە بەتایبەتیش خۆم لە ماوەی یەک کاتژمێردا جێبەجێی دەکەم و پێشم وایە ئێستا کاتیەتی".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.