دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل راگەیاند و رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانیش هۆشداری لە هەڵکشانی سزای لە سێدارەدان لە ئێران دەکات.
رۆژی چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە؛ "بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی پێدرام مەدەنی، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و کۆکردنەوەی سامان لە رێگەی نەشیاو، جێبەجێکرا".
پێشتر رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە 41 ساڵانە بڵاوکردبوویەوە و رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش رایگەیاندبوو کە لەژێر گوشار و ئەشکەنجە و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوە و دادگایی کراوە.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردووەتەوە، پێدرام مەدەنی هەوڵیداوە "زانیاریی نهێنی لەبارەی ئەو شوێن و باڵەخانانە بداتە ئەفسەرانی مۆساد کە ژێرخانی سەربازی ئێرانیان تێدا جێگیر کراوە".
پێدرام مەدەنی ساڵی 2020 لەلایەن ئیتڵاعاتی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکرا. سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵیش، ئێران هاووڵاتییەکی دیکەی بەناوی موحسین لەنگەرنشین بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارەدا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پێدرام مەدەنی هۆشداری لە هەڵکشانی سزای لە سێدارەدان لە ئێران دا و رایگەیاند، لە ماوەی 25 رۆژدا لە ئێران زیاتر لە 113 کەس لە سێدارە دراون و لە 1ـی ئاداری 2025ـەوە تاوەکو ئێستا 478 کەس لەناو زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.