Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 16:17

کرێملن لەبارەی پڕچەککردنی ئۆکراینا هۆشداری دەداتە ئەڵمانیا

کوردستان TV
100%

راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتانی ئەورووپا چیتر سنووردانان بۆ قەبارە و مەودای بڕینی ئەو مووشەکانە رەچاو ناکەن کە دەیدەنە ئۆکراینا و ئەمەش بووە هۆی کاردانەوەی توندی رووسیا و گوتەبێژی کرێملن لێدوانەکەی بە مەترسییەکی رژد بۆ سەر وڵاتەکەی وەسف کرد.

 

فریدریش میرتس، راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا رایگەیاند؛ "ئێمە هەموو تواناکانمان بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکراینا، بەتایبەت لەڕووی سەربازییەوە دەخەینەگەڕ" و گوتی؛ "ئیتر هیچ سنوورێکمان نابێت بۆ قەبارە و مەودای بڕینی ئەو چەکانەی کە رادەستی ئۆکراینایان دەکەین، ئەوە لای ئێمە و لای بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمەریکاش یەکلایی بووەتەوە".

 

راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە نەدا کە لە کەیەوە ئەو بڕیارەیان جێبەجێ کردووە و چ جۆرە چەکێکیان بەو تایبەتمەندییانەوە گەیاندووەتە کیێڤ، بەڵام تاوەکو ئێستا وڵاتانی ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا هیچ روونکردنەوە و لێدوانێکیان لەسەر گوتەکانی نەداوە.

 

رۆژی سێشەممە 27ـی ئایاری 2025 دیمیتری پسکۆف، گوتەبێژی کرێملن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لێدوانەکانی راوێژکاری باڵای ئەڵمانیای بە "لێدوانی مەترسیدار" وەسفکرد و گوتی؛ "ئەگەر ئەو بڕیارانە بە راستی جێبەجێ کرابن، بە تەواوەتی دژی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ گەیشتن بە رێگەچارەی سیاسیی گیراونەتەبەر" و هۆشداری ئەوەشی دا کە رەنگە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان و رووسیا بە هەڕەشەیەکی رژد لێی دەڕوانێت.

 

گوتەبێژی کرێملن نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی ئەگەری رادەستکردنی مووشەکی دورهاوێژ، بەتایبەت مووشەکی KEPD350 "تارۆس"ی ئەڵمانی بە ئۆکراینا پێشاندا. کابینەی پێشووی حکوومەتی ئەڵمانیا مووشەکی دوورهاوێژی تارۆسی نەدەدایە ئۆکراینا، لەبەر ئەوەی مووشەکەکە توانای بڕینی مەودای 500 کیلۆمەتری هەیە.

 

لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە سوپای ئۆکراینا رێگەی پێ درا هەندێک مووشەکی دوورهاوێژ بەکار بهێنێت و چەند ناوچەیەک لەناو خاکی رووسیا بکاتە ئامانج، هەندێک لەو مووشەکانە ATACMSـی ئەمریکی، ستۆرم شادۆـی بەریتانی و مووشەکی دوورهاوێژی سکاڵپی فەرەنسین کە توانای بڕینی زیاتر لە 300 کیلۆمەتریان هەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.