لیژنەی باڵای هەمیشەیی تاقیکردنەوەکان دەلێت ئەمساڵ هیچ پێوەرێک بۆ ناساندنی ئاستەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم نابێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی ئایاری 2025، وەزارەتی پەروەردە بۆ خوێندنی 2024 – 2025 پێنج بڕیاری نوێی دەرکرد و دەڵێت، هەر لایەنێک پابەندی نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر.
لە بڕیارەکەدا کە واژۆی سەرۆکی لیژنەی باڵای هەمیشەیی تاقیکردنەوەکانی بەسەرەوەیە هاتووە؛ "بە رێگەی دیجیتاڵی نمرەی خوێندکاران رادەگەیندرێت و بە هیچ جۆرێک کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجام نادرێت"
هاوکات بریار دراوە؛ "هیچ پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندی ئاستەکانی یەکەم و دووەم وسێیەم نابێت و دەبێت پەروەردە گشتییەکان و پەروەردەی قەزاکان پابەندبن"
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەیداوە؛ "وەزارەت و دامودەزگا پەروەردەییەکان نابێت رێوڕەسمی خەڵاتکردن بۆ یەکەم و دووەم و سێیەم ئەنجام بدەن"
لە بڕیارەکەدا هۆشداری دراوە؛ "هەر سەرپێچییەک لە خاڵەکانی ئەو بڕیارە هەبێت، رێکاری کارگێڕی و یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر".
ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە بنەمەکانی هەڵسەنگاندن بۆ شێوازکی زانستیانەتر دەگۆڕێت و روونیکردووەتەوە؛ "رێژەی تێکڕای نمرەی دەرچوونی قوتابیانی هەر قوتابخانەیەک دوای راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم دەکرێتە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئاستی زانستی قوتابخانەکان".

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.