بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق مەرجەکانی وەرگرننی بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد و دەڵێت، لە ئەمڕۆوە تا 24ی حوزەیران بنکەکانی کۆمسیۆن بەردەوام دەبن لە تۆمارکردنی ناوی بەربژێر.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی ئایاری 2025، مەڕوان محەمەد بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا مەرجەکانی خۆ تۆمارکردن بۆ پەرلەمانی عێراق راگەیاند و وادەی ناوتۆمارکردنیشی ئاشکرا کرد.
مەڕوان محەمەد سەبارەت بە وادەی تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆوە بەربژێرەکان دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ ناو تۆمارکردن و دوایین وادە بۆ وەرگرتنی ناوی بەربژێر 24ی حوزەیران دەبێت.
لە بارەی وەرگرتنی کۆدی هەڵبژاردنی حیزب و هاوپەیمانییەکان گوتی: دەبێت حیزب و لایەنەکان سەردانی پارتە سیاسییەکان بکەن لە بەغدا بۆ وەرگرتنی کۆدی تایبەت بە پارتەکەیان، بەڵام ئەو بەربژێرانەی تاکەکەسین و لەسەر هیچ پارتێک نین، دەتوانن سەردانی ئۆفیسی کۆمسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنی کۆدەکانیان.
بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چەند مەرجێکی خستە ڕوو کە پێویستە بەربژێر بەر لە ناو تۆمارکردن بیانزانێت کە ئەویش ئەمانەن:
سەبارەت بە حیزب و هاوپەیمانێتییەکان دەبێت ئەو کەسەی خۆی بەربژێر کردووە لە رۆژی هەڵبژاردن 30 ساڵی تەواو کردبێت.
پێویستە ئەو کەسانەی لەسەر لیستی حیزب و هاوپەیمانێتییەکانن بڕوانامەی بەکەلۆریۆسیان هەبێت یان هاوتاکەی.
تەنها 20٪ـی بەربژێری ناو حیزبەکان و هاوپەیمانێتییەکان دەتوانن بە بڕوانامەی دبلۆم یان ئامادەیی بەشداری بکەن.
بەربژێر گرنگ نییە نیشتەجێی کوێیە، تەنیا دەبێت خاوەنی رەگەزنامەی عێراقی بێت.
دەبێت بەربژێر خاوەن ڕەوشتی باش بێت و نابێ پێشینەی تاوانی هەبێت، لە بابەتی ئابڕووبەر و گەندەڵی دارایی و ئەگەر لێخۆشبوونیشی بۆ دەرکرابێ ناتوانێ بەشداربێت.
نابێ لە ریزی چەکدار و ئەمنی بێت، جگە لە فەرمانبەرە مەدەنییەکانیان.
نابێ دادوەر بێت و بەردەوام بێت لە کارەکەی.
نابێ ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت بۆ ئەم خولە و خولی پێشتر.
ئەوانەی پێشتر بەشدارییان کردووە و سزایان هەیە و سزای داراییان لەسەرە و نەیانداوە، تا پارەکە نەدەن ناویان ناخرێتە لیستەوە.
مەڕوان محەمەد دەڵێت؛ ئەو بەربژێرانەی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، مەرجە گشتییەکان دەیانگرێتەوە، بەڵام هەندێک تایبەتمەندی دیکەیان دەبێت:-
کاندینی تاک کە کێبڕکێ دەکەن لەسەر کورسی گشتی، دەبێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەبێت
کاندینی تاک کە لەسەر کێبڕکێی کۆرسی پێکهاتەکان بەشداردەبن، دەبێت هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتاکەی بن.
پێویستە بەربژێر 500 دەنگدەر پشتگیری بکات
ئەو بەربژێرانەی لەسەر کۆتاکان پێشبڕکێ دەکەن، دەتوانن لەسەر لیستی عێراقی خۆیان کاندید بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.